لە زاخۆ شوانێک بە گولـلەیەکی دۆشکە بریندار دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ گولـلەیەکی دۆشکە لە دەستی شوانێک دەرچوو و، بەهۆیەوە بە سەختی بریندار بووە.
 
رووداوەکە کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 06-01-2023، بووە. ئەمیر عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ دەڵێت، دوای ئەوەی شوانێک گولـلەیەکی دۆشکەی لە گوندی خالشێ لە سنووری زاخۆ دۆزیوەتەوە، دەستکاری کردووە و گولـلەکە لەدەستی شوانەکەدا تەقیوەتەوە.
 
بەگوتەی گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ، شوانەکە کە ناوی (م، ا، ع)ـە و تەمەنی 20 ساڵە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک کراوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو شوانە ئێستا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک لەژێر چاودێریی چڕدایە.
 
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە دوێنێ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای دهۆک، 78 مین و تەقەمەنی لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکە لەنێوبرد.