باوکێک لە هەولێر کچێکی خۆی دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە یەکێک لە گەڕەکەکانی هەولێر، باوکێک کچێکی خۆی دەکوژێت و هەڵدێت، پۆلیسیش دەڵێت، هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی.
بەپێی گوتەی کەسوکاری ئەو پیاوە کە بۆ رووداو قسەیان کرد، کچەکە تەمەنی 15 ساڵان بووە و باوکی لێی داوە. باوکی کچەکە "ماددەی هۆشبەری بەکارهێناوە."
موقەدەمی مافپەروەر هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی گوت: رووداوەکە لە گەڕەکی موفتی بووە، تۆمەتبار دوای رووداوەکە هەڵاتووە و هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی. پێشتریش ئەو کەسە دەستگیرکراوە و بە کەفالەت ئازادکراوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو کە لەگەڵ کەسوکاری کچە کوژراوەکە قسەی کردووە، دایکی کچەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ماوەی دوو ساڵ بووە ئەو کەسە لە خۆی و منداڵەکانی داوە و ئازاری داون، چەندین جاریش سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووە.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکە ناوی (ب. ف)ـە.