لە گوندێکی کەرکووک دایکێک و دوو منداڵی بە تەقینەوەی گاز گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 
 
شەوی رابردوو بەهۆی لێچوونی گاز لە ماڵێکی گوندی حلوات سەر بە شارەدێی زاب لە قەزای حەویجەی پارێزگای کەرکووک تەقینەوەیەک روویداوە، بەرێوەبەری تەندروستی کەرکووک دەڵێت، بەهۆیەوە دایکێک و دوو منداڵی گیانیان لەدەستداوە.
 
د. زیاد خەلەف، بەرێوەبەری تەندروستی کەرکووک، رۆژی شەممە 06-01-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رووداوەکە درەنگانێکی شەو بووە و بەهۆی لێچوونی گاز روویداوە و بەهێزیی تەقینەوەکە خانووەکەی خاپورکردووە، دایکێکی تەمەن 38 ساڵ، لەگەڵ دوو کچی تەمەن 10 و 13 ساڵان گیانیان لەدەستدا و منداڵێکی دیکەی تەمەن 6 ساڵیان رزگارکرا".
 
هەر لەوبارەوە، سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەقینەوەکە بەهۆی لێچوونی گاز بووە، دوو خووشک بە ناوەکانی سەباح مەعن نەجم 13 ساڵ و  مینا مەعن نەجم 10 ساڵ  بەهۆی بەرزی رێژەی سووتانیانەوە گیانیان لەدەستداوە".
 
گوتەبێژی تەندروستی کەرکووک دەڵێت، "سەرەتا هەردووکیان براونەتە نەخۆشخانەی حەویجە، دواتر لەوێوە رەوانەی دادپزیشکی کەرکووک کراون. هەروەها بەهۆی بەهێز تەقینەوەکە، خانووەکە رووخاوە".
 
سەبارەت بە گیانلەدەستدانی دایکەکە، گوتەبێژی تەندروستی کەرکووک دەڵێت، "گیانلەدەستدانی دایکەکە لای ئێمە تۆمار نەکراوە".
 
هاوکات، عەقید رەحمان حوسێن، گوتەبێژی بەرگری شارستانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە بەرگریی شارستانیی رووداوی لەم شێوەیە تۆمار نەکراوە و تیمەکانیان لەو رووداوە ئاگادار نەکراونەتەوە.