شەڕ لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەستیپێکرد؛ هەسەدە: شوێنی سڤیل دەکرێنە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، لە شەوی رابردووەوە چەکدارانی حکومەتی سووریا هەردوو گەڕەکی کوردنشین لە حەلەب دەکەنە ئامانج، هەروەها دێر حافیر و دەوروبەری بەنداوی تیشرینیش تۆپباران دەکەن. سوپای سووریاش بە ئاشکرا رایگەیاند، دەستیان بە ئامانجکردنی خاڵەکانی هەسەدە لە شێخ مەقسوود کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی حەلەب بڵاویکردووەتەوە، "هەسەدە بە پێشێلکارییەکی نوێی رێککەوتنەکانی لەگەڵ حکومەتی سووریا، ناوچەی نزیک فلکەی (شیهان)ـی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا ئەندامێکی وەزارەتی بەرگری کوژرا و 3 کەسی دیکەش برینداربوون."
هەروەها بڵاویکردووەتەوە، کە سوپای سووریا شوێنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هەسەدەی لە گەڕەکی شێخ مەقسوود کردووەتە ئامانج.
لە لایەکی دیکەوە هەسەدە بڵاویکردووەتەوە، مووشەکێک کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقەوە هەڵدرابوو و دەبووایە لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب بکەوێت، لە ئامانجی خۆی لایدا و لە گەڕەکی (میدان)ـی تەنیشتی کەوتەخوارەوە."
هەسەدە رایگەیاندووە، "ئەم رەفتارە دوژمنکارانەیە، کەمتەرخەمیی تەواو بەرامبەر بە یاسا مرۆییەکان نیشان دەدات و ئەو لایەنەی ئەم هێرشەی کردووە بە بەرپرسیاری تەواوی هەر زیان و دەرەنجامێکی دەزانین."