خاوەن ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ هاوکاری دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

سبەی چوارشەممە قۆناخی دووەمی پێدانی هاوکارییەکان بە زیانلێلکەوتووانی لافاو لە سنووری چەمچەماڵ دەستپێدەکات. لەم قۆناخەدا هاوکاریی خاوەن ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکان دەکرێت. بەپێی داتا فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 10 ملیار و 109 ملیۆن و 933 هەزار دینار و 3 ملیۆن و 225 هەزار و 505 دۆلار کۆکراوەتەوە. لەو بڕەش 2 ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ هاوکاریی خاوەن ماڵە زیانلێکەوتووەکان تەرخانکراوە و بڕیاریشە 919 ملیۆن و 350 هەزار دینار وەک هاوکاریی بەسەر خاوەنی 694 ئۆتۆمبێلی زیانلێکەوتووی لافاو دابەشبکرێ کە کەمترین بڕی هاوکارییەکە 100 هەزار دینارو زۆرترین بڕیش 15 ملیۆن دینار دەبێت.
 
فاتیح سەنگاوی، ئەندامی بۆردی چاودێریی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوی چەمچەماڵ لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، هیچ گوشار و دەستوەردانێک لە کاروباری بۆردی چاودێریی هاوکارییەکانی چەمچەماڵ نییە و هەر بڕیارێک بدرێت لەنێو بۆردەکەوە دەدرێت بێ هیچ گوشارێک.
 
فاتیح سەنگاوی گوتی، "ژمارەیەک پێشنیازمان پێشکێشی بۆردی چاودێریی هاوکارییەکانی چەمچەماڵ کرد، چونکە پێشتر ژمارەیەک ماڵی زیانلێکەوتووی لافاو تۆمارنەکرابوو؛ هەربۆیە 700 ملیۆن دینار بۆ هاوکاریی زیانلێکەوتووان زیادکرا."
 
"هەموو کەسێک دەتوانێ چاودێری بڕی هاوکاریی چەمچەماڵ و شێوازی دابەشکردنی بکات، چونکە پرۆسەکە بەوپەڕی شەفافییەتەوە بەڕێوەدەچێت و بەردەوام داتاکان نوێ دەکرێنەوە،" فاتیح سەنگاوی وای گوت.
 
ئەو ئەندامەی بۆردی چاودێریی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوی چەمچەماڵ رایگەیاند، "کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ و بۆردی چاودێریی هاوکاریی زیانلێکەوتووان هیچ رۆڵێکیان نەبووە لە هەڵسەنگاندنی زیانی ئۆتۆمبێلەکان، بەو پێیەی کارێکی تەواو میکانیکی و تەکنیکییە؛ هەربۆیە لیژنەیەکی پسپۆڕی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی پشکنینیان بۆ تەواوی ئۆتۆمبێلەکان کرد و خەمڵاندن و هەڵسەنگاندنیان بۆ زیانەکانیان کرد. لەسەر ئەو بنەمایەش بڕی هاوکاری بۆ خاوەن ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکان دەستنیشانکرا."
 
ئەو ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووانەی لافاو کە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە پێشتر چاککراونەتەوە، بە هەمانشێوە خەمڵاندن بۆ تێچووی چاککردنەوەیان کراوە و لەسەر بنەمای ئەو خەمڵاندنەش هاوکاریی خاوەنەکانیان دەکرێ، بەجۆرێک ئەگەر ئۆتۆمبێلێک تێچووی چاککردنەوەی خەمڵێندراوی 15.000.000 بێت، ئەوا 12.000.000 بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێندرێتەوە؛ ئەگەر زیانی خەمڵێندراوی 12.000.000 دینار بێت، ئەوا 10.000.000 هاوکاری دەکرێت و ئەگەر زیانی خەمڵێندراویشی 10.000.000 بێت ئەوا بە بڕی 8.000.000 دینار هاوکاریی خاوەنەکەی دەکرێت و هەر ئۆتۆمبێلێکیش کە بڕی زیانەکانی و تێچووی چاککرنەوەی 7.000.000 دینار و کەمتر بێت، ئەوا تەواوی تێچووەکەی بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێندرێتەوە.
 
"دروستکردنی خانووی نوێ"
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا عەلی جاف، نوێنەری تۆڕی میدیایی رووداو لە بۆردی چاودێریی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوی چەمچەماڵ گوتی، ئەو بڕە پارەیەی لە هاوکارییە کۆکراوەکان دەمێنیتەوە و دوای کۆتاییهاتنی هەموو قۆناخەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان، لیژنەیەک سەردانی ئەو ماڵانە دەکات کە بەهۆی لافاو زیان بەر خانووەکە کەوتووە و ئەگەر بزانرێت زیانەکان زۆرن و کەڵکی نۆژەنکردنەوەیان نەماوە، هەوڵ دەدرێ خانوویەکی نوێیان بۆ بکڕدرێت.
 
"کاری لەپێشینەی دابەشکردنی هاوکارییەکان بۆ زیانلێکەوتووان بەتایبەت خاوەن ماڵە زیانلێکەوتووەکانە و دواتریش ئەو پارەیەی کە دەمێنێتەوە بۆ خزمەتی چەمچەماڵ خەرج دەکرێت،" عەلی جاف وای گوت.
 
لەبارەی میکانیزمی هاوکاریکردنی خاوەن ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکانیش عەلی جاف گوتی، رۆژی چوارشەممە (7/1/2026) کاژێر 09:00ی بەیانی لە چەمچەماڵ دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکان دەکرێ و پێویستە خاوەن ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکان بەڵگەنامە و ساڵیانەی ئۆتۆمبێلەکانیان پێبێت و هەرکەسێکیش کە ئۆتۆمبێلەکەی زیانی بەرکەوتبێت و ساڵیانەی ئۆتۆمبێلەکە بەناوی خۆی نەبێت، ئەوا پێویستە لەرێگەی بریکارنامە و بەڵگەنامەی کڕینەوە بیسەلمێنێت کە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلەیە زیانی بەرکەوتووە تاوەکو سوودمەند بێت لە هاوکارییەکان.