بەرگریی شارستانیی ئاکرێ: خەڵک ئاستەنگیان بۆ تیمەکانمان دروستکردبوو، بۆیە نەیانتوانی ئەرشەد رزگار بکەن


رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕەکێکی ئاکرێ ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە کە دوو برای تێدا دەژیان. گوتەبێژی پۆلیسی بەرگریی شارستانیی ئاکرێش رایگەیاند، یەکێک لە براکان دوای ئەوەی لەنێو ماڵەکەدا گیریخواردبوو، سووتاوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
 
فیراس ئاکرەیی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ماڵەکە لە گەڕەکێکی کۆنی ئاکرێیە. ئەو کەسەیشی گیانی لەدەستداوە ناوی ساڵح عەبدوڵڵایە و ناسراوە بە ئەرشەد.
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەر زوو برایەکیان رزگارکردووە کە تەمەنی سەروو 50 ساڵانە، براکەی دیکەش تەمەنی سەروو 74 ساڵانە، دوای هەوڵێکی زۆر تەرمەکەی دەرهێندرا.
 
لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، فیراس ئاکرەیی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی دیار نییە، چونکە ئەو کەسەی لەنێو خانووەکەدا گیریخواردبوو، باری دەروونیی تەواو نەبوو. براکەی دیکەیشی لەنێو ئەو ژوورەدا نەبووە، بۆیە هۆکارەکەی دیار نییە. 
 
وەک فیراس ئاکرەیی دەڵێت، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر کەلوپەلی کۆن لە ماڵەکەدا بووە کە زۆربەیان پلاستیکن، کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە سەخت بووە.
 
سەباح زوهێر، گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی کە تەرمەکەی لەلایەن تیمی 122 گوازرایەوە بۆ پزیشکی داد، دەرکەوت کە بەهۆی زۆریی رێژەی سووتاوییەکەی گیانی لەدەستداوە.
 
عەلا سەلاح، شایەتحاڵێک دەڵێت، کاتێک ئاگر لە ماڵەکەی بەربوو، زۆر هەوڵیان داوە کە رزگاری بکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە ئامێر و کەلوپەلی فۆلکلۆری زۆری تێدا بووە، نەیانتوانیوە بەئاسانی دەری بهێنن.
 
ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ دەڵێت، بەهۆی قەرەباڵخی و کۆبوونەوەی خەڵكەوە ئاستەنگ بۆ تیمەکانی بەرگریی شارستانی دروستبووە و نەیانتوانیوە بە دروستی کارەکانیان بکەن.