لە عەفرین تائێستا 51 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بوومەلەرزەکەی ئەم بەیانییەوە، تائێستا سەتان کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون، لەو ژمارەیەش 51 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە عەفرینن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی سووریا کە 6ی شووباتی 2023 بڵاویکردوونەتەوە، تاوەکو ئێستا 237 کەس لە بوومەلەرزەکەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستداوە و 639 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە، زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، لە پارێزگاکانی حەلەب، لازقیە، حەما و تەرتووس بوون.
مەحموود زنبووعە، پارێزگاری حەما دەڵێت، تەنیا لە حەما 9 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و 17 کەسی دیکە برینداربوون.
ئاژانسی فەرمی هەواڵی سووریا باس لەوە دەکات، تەنیا لە پارێزگای لازقیەی رۆژئاوای وڵاتەکە، 42 کەس گیانیان لەدەستداوە و 220 کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوای بوومەلەرزەکە، ئاژانسی هەواڵی سووریا رایگەیاند، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەک دەکات بۆئەوەی تاوتوێی زیانەکانی بوومەلەرزەکە بکەن کە لەو وڵاتەدا بە گوڕی 6.4 پلەی رێکختەر روویدا.