زانکۆی زاخۆ سێ رۆژ پشووی راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ 

زانکۆی زاخۆ دەڵێت، بۆ ماوەی سێ رۆژ دەوامی خوێندن لە زانکۆکەیان رادەگرن، "بەهۆی مەترسی روودانەوەی بوومەلەرزە و دۆخی کەشوهەوا."
 
بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان بە بوومەلەرزەیەک بە پلەی 7.7 بەپێوەری رێختەر هەژا، کەمتر لە 10 خولەک دواتر بوومەلەرزەیەک بە پلەی 6.4 لە دیۆکی دا.   
 
دوای سێ خولەك لە بوومەلەرزەكەی شاری مەرەش لە هەرێمی كوردستان هەستی پێكرا. بەهۆیەوە خەڵکێکی زۆر و بەتایبەت دانیشتووانی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون لە باڵەخانەکان هاتنە دەرەوە. 
 
زانکۆی زاخۆ لە راگەیێندراوێکدا ئاگاداری مامۆستا، فەرمانبەر و قوتابییانی کرد و گوتی، بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانیان دەوامی زانکۆکەیان سێ رۆژ رادەگیرێت. 
 
لەبارەی هۆکاری راگەیاندنی پشووەکەوە، زانکۆکە دەڵێت، "بەهۆی مەترسی روودانەوەی بوومەلەرزە و دۆخی کەشوهەوا." 
 
بەگوێرەی دوایین ئامار کە بە بەردەوامی نوێدەکرێتەوە و سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد- بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی بوومەلەرزەکە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە هەزار و 762 کەس، هەروەها 12 هەزار و 68 کەس بریندارن. 
 
هەروەها ژمارەی ئەوانەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە بۆ 871 کەس بەرزبووەوە. ژمارەیەکی زۆر لەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی دیکەن.
 
چاوەڕوان دەکرێت ئەم ژمارەیە بەرز بێتەوە، بەهۆی ئەوەی گەڕان بە شوێن هاونیشتمانی و هاووڵاتییان لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکان بەردەوامە.