پیاوێک لە خورماتوو دوو مانگە بۆ سەردانی کچەکەی لە ماڵ دەرچووە و بێسەروشوێنە
رووداو دیجیتاڵ
رەمەزان حەسەن، پیاوێکی تەمەن 76 ساڵەی دانیشتووی خورماتووە. لە رۆژی 5ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە لەماڵ دەرچووە و بێسەروشوێنە.
ئەو دوایین جار لە بەردەم نەخۆشخانەی داقووق بینراوە، کاتێک بە مەبەستی سەردانی کچەکەی بەرەو ئەو شارۆچکەیە بەڕێکەوتبوو.
رزگار محەممەد، کرێکارێکی گەنج، دوایین کەسە کە رەمەزانی بینیوە و بە رووداوی گوت، "لە بەردەم نەخۆشخانەی داقووق بینیم، زۆر ماندوو دیاربوو، هێزی لێبڕابوو." رزگار هەوڵیداوە یارمەتی بدات، بەڵام رەمەزان وەڵامی نەداوەتەوە.
حوسێن کوڕی رەمەزانە، لەگەڵ رزگار پێکەوە چوونەتە ئەو شوێنەی بۆ دوایین جار باوکی تێدا بیندراوە، بەڵام هیچ سەرەداوێکی نوێیان دەستنەکەوت. حسێن بە دڵتەنگییەوە دەڵێت: "هیواکانمان بەرەو نەمان دەچن، نازانین چی بەسەر باوکمدا هاتووە."
رەمەزان حەسەن، باوکی دوو کوڕ و چوار کچە. دراوسێکانی دەڵێن کە بەهۆی تەمەنییەوە کێشەی بیرچوونەوەی هەبووە و هەندێک جار ماڵی خۆی لێ ون دەبوو. جەلال فارس، دراوسێی رەمەزان، باس لەوە دەکات کە چەند جارێک رەمەزانیان گەڕاندووەتەوە ماڵەوە.
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو مانگ بەسەر دیارنەمانی رەمەزان، خێزانەکەی هێشتا لە چاوەڕوانیدان. دۆخەکە بۆ ئەوان زۆر قورسە و رۆژەکانیان بە ترس و هیوا تێکەڵ بووە.