تاکە سەنتەری شێرپەنجە لە رۆژئاوای کوردستان خەریکە دەرمانی لێدەبڕێت
رووداو دیجیتاڵ
سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە لە قامشلۆ، کە تەنیا پەناگەی نەخۆشانی شێرپەنجەیە لە رۆژئاوای کوردستان، رووبەڕووی قەیرانێکی سەختی کەمیی دەرمان بووەتەوە.
نەمانی دەرمانە سەرەکییەکان نەک تەنیا ژیانی سەدان نەخۆشی خستووەتە مەترسییەوە، بەڵکو هەڕەشەی داخستنی سەنتەرەکەش دەکات.
خەدیجە ئوسێ، تەمەن 62 ساڵ یەکێکە لەو نەخۆشانەی نیوەی دەرمانەکانی لە سەنتەرەکەدا دەستناکەوێت. ئەو باس لە گرانیی نرخەکان دەکات و دەڵێت: "دەرمانمان زۆر گرانە، یەک پاکەت حەب بە 360 دۆلارە و هەندێکی تریان بە 750 هەزار لیرەی سوورییە. من حەبی دڵ و غوددە بەکاردەهێنم، توانای کڕینیانم نییە و پێویستم بە یارمەتییە."
پزیشکانی نەخۆشخانەکە هۆشداری دەدەن و دەڵێن، نەبوونی دەرمانە بنەڕەتییەکان پڕۆسەی چارەسەری پەکخستووە.
دکتۆر بڵند، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بە رووداوی راگەیاند: "کۆمەڵێک دەرمانی بایۆلۆجی و بەرگری هەن، رۆژانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە پێویستمانن، بەڵام ئێستا لە نەخۆشخانەکەماندا نەماون. زۆربەی نەخۆشەکانیش بەهۆی گرانیی نرخەکانیانەوە ناتوانن لە دەرەوە بیكڕن."
قەیرانەکە تەنیا نەخۆشەکانی بێ ئومێد نەکردووە، بەڵکو کەسوکاریانیشی تووشی بێهیوایی کردووە.
نازم عیسا براکەی تووشبووی شێرپەنجەیە، دەڵێت: "براکەم گرێ لەنێوان سینگ و پشتیدایە. سێ ژەمی دەرمانی وەرگرتووە، بەڵام ئێستا کە پێویستی بە ژەمی چوارەمە، لە سەنتەرەکە دەستناکەوێت و ئێمەش خەرجییەکەیمان لە دەرەوە پێ دابین ناکرێت."
ئەحمەد حاجی، بەڕێوەبەری بەشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی مانگی سووری کورد بە رووداوی راگەیاند: "لە رۆژێکدا 40 بۆ 50 نەخۆش سەردانمان دەکەن و داوای دەرمانی کیمیایی دەکەن، پێشتر تاوەکو 20 دەرزی دەمانتوانی بدەین بە نەخۆشەکان، بەڵام ئێستا تەنیا 5 دەرزی دەتوانین، ئەوەش بەهۆی داخستنی رێگەکانە."
سەرجەم چین و توێژەکان لە قامشلۆ داوا دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەکان و رێکخراوە مرۆییەکان بە هانای سەنتەرەکەوە بچن.