کەشناسی هۆشداری لە لێزمەباران دەدات
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بە ناونیشانی "هۆشداری" بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئەمشەوەوە بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە هەندێک ناوچە لێزمەباران دەبارێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "پێشنیوەڕۆی سبەی تاوەکو بەرەبەیانی یەکشەممە بارانی بەلێزمە لە ناوچەکانی سنووری هەولێر، دهۆک، بەردەڕەش، کۆیە و بەشێک لە ئیدارەکانی راپەڕین، سۆران، ئاکرێ و ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی دهۆک باران و بەفری تێکەڵ دەبارێت".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێ ئەم شەپۆلە نوێیە سێشەممە کۆتایی بێت، بەڵام بەگشتی ئەم مانگە و مانگی داهاتووش باراناوی دەبێت لە هەرێمی کوردستان".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت و پلەی گەرما سێ بۆ پێنج پلەی سیلیزی دابەزێت".
هەر بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی کەشناسی، لە ماوەی ئەم شەپۆلەدا بەفر لە سەرجەم ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و هەندێک لەو ناوچانەی نزیکن لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبارێت.
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسی رایگەیاندووە، پلەی گەرما دوو بۆ چوار پلەی سیلیزی دادەبەزێت و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 13 پلەی سیلیزی
پیرمام: 8 پلەی سیلیزی
سۆران: 8 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 1 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 11 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 13 پلەی سیلیزی
دهۆک: 12 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 14 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 11 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 14 پلەی سیلیزی