شاندێکی وەزارەتی بەرگریی سووریا و نوێنەرانی هەسەدە لە حەسەکە کۆبوونەوە؛ تێکەڵکردنی هێزەکان تاوتوێکرا
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێ، پێشوازییان لە شاندێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی سووریا کردووە لە شاری حەسەکە. ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی باڵایە بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی تێکەڵکردنی شەڕڤانان لەگەڵ سوپای سووریا، دوای گرژییەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە هەفتەکانی رابردوودا.
شاندەکەی وەزارەتی بەرگریی سووریا بە سەرۆکایەتیی عەمید حەمزە حەمیدی، سەرۆکی دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا بوو کە لە لایەن چیا کۆبانی، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هەسەدەوە پێشوازییان لێکرا.
کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی تەواوکردنی بەندەکانی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمی نێوان هەردوولایە، کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە دۆخی شەڕ و یەکخستنەوەی دامەزراوە سەربازییەکان.
وردەکاریی گفتوگۆکان
لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێک تاوتوێ کران، لەوانە:
- رێکارە کردەییەکانی تێکەڵکردنی شەڕڤانان لەنێو پێکهاتەی سوپای سووریادا.
- دیاریکردنی شوێنی جێگیربوونی لیواکانی هەسەدە لە ناوچە جیاوازەکان.
- دیاریکردنی ئەو مەودایەی پێویستە هێزەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا لێی بکشێنەوە بۆ رێگریکردن لە هەر پێکدادان.
فەرماندەیی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، گفتوگۆکان لەم بوارەدا بەردەوامن و هەردوولا کاردەکەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ و بێ کێشە، تەواوی بەندەکانی رێککەوتنەکە بچنە واری جێبەجێکردنەوە.