لە 3 ساڵدا 91 ملیار دۆلار لەو ناوچانەی باکووری کوردستان و تورکیادا خەرجکراوە بوومەلەرزە زیانی پێگەیاندن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی بەشی ستراتیژی و بودجەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێ، 3.6 ترلیۆن لیرە (نزیکەی 91.5 ملیار دۆلار) بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی بوومەلەرزەکەی ساڵی 2023 و کەمکردنەوەی مەترسیی کارەساتەکان خەرجکراوە.
 
لە راپۆرتی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023دا کە لەلایەن سەرۆکایەتییەکەوە ئامادە کراوە، قەبارەی کارەساتەکە و پڕۆژەکانی ناوچەکە خراوەتەڕوو.
 
بەپێی ڕاپۆرتەکە، تاوەکو کۆتایی 2025، تێکڕا 3.6 ترلیۆن لیرە (نزیكەی 91.5 ملیار دۆلار) بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی بوومەلەرزەکە و کەمکردنەوەی مەترسییەکان خەرجکراوە.
 
تاوەکو ئێستا تیروپشک بۆ 433 هەزار و 667 شوقە و خانوو و 21 هەزار و 690 شوێنکار لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان کراوە.
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە بواری پەروەردەوە هەیە، 72 ملیار لیرە (1 ملیار و 650 ملیۆن دۆلار) بۆ دروستکردنی 13 هەزار و 321 هۆڵی خوێندن و 6.9 ملیار لیرە (1 ملیار و 582 ملیۆن دۆلار) بۆ باشکردنی 2 هەزار و 776 هۆڵی خوێندن خەرج کراوە.
 
هاوکات 5.1 ملیار لیرە (1 ملیار و 169 ملیۆن دۆلار) بۆ نۆژەنکردنەوە و باشکردنی باڵەخانەی کۆلێژەکان و ژێرخانی کەمپەکانی زانکۆکان خەرج کراوە. بڕی 2.4 ملیار لیرەش (550 ملیۆن و 280 هەزار دۆلار) بۆ ساڵی 2026 بۆ هەمان مەبەست تەرخان کراوە.
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوباتی 2023 بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان بوو 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. 
 
53 هەزار و 537 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 213 کەسی دیکە برینداربوون. 
 
بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 5 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.