چیرۆکی ئاخین؛ تاقانە مەزڵوومەکەی کۆبانی کە شەڕ لە ئامێزی دایک و باوکی جیاکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

تەمەنی کەمتر لە 50 رۆژە، بەڵام قەدەری وایە رێگەیەکی پڕ لە ئازار و داهاتوویەکی نادیار لەسەر شانە بچووکەکانی هەڵبگرێت. ئاخین، ئەو منداڵەی ناوەکەی لە "ئاخ" بۆ "خاک" وەرگیراوە، ئێستا تاقانەیەکی بێ دایک و باوکە و چیرۆکەکەی بووەتە گەواهیدەری تراژیدیاییەکی گەورە لە رۆژئاوای کوردستان.
 
ئاخین هێشتا لە سکی دایکی دا بوو کاتێک باوکە شەڕڤانەکەی، لە شەڕی تلتەمردا شەهید بوو. دایکی بە هەزاران خەم و ئومێدەوە چاوەڕێی هاتنی ئاخینی دەکرد بۆ ئەوەی ببێتە دایک و باوک بۆ کچە تاقانەکەی، بەڵام ئەو هیوایەش تەمەنی تەنیا مانگێک بوو؛ دایکی ئاخین لە کاتی پاشەکشە بەرەو رۆژئاوای کوردستان و لە رێگەی منبج شەهید بوو.
 
ئێستا داپیری، لەبری تەرمی بووکەکەی، ئاخینی تەمەن یەک مانگی بۆ گەیێندرایە قامیشلۆ.
 
عەمشا خدر، داپیرەی ئاخین بە خەمێکی قووڵەوە قسەی بۆ رووداو کرد: "ئەو منداڵە بچووکە بەخێو دەکەم و گەورەی دەکەم، بەڵکو رۆژئاوا ئارام و خۆشببێت. من دایکم، دڵم سووتاوە و بریندارە. ئەو چەتانە سێ ماڵی منیان کاول کرد، تەنانەت تەرمی بووکەکەشم نەبینی و بۆیان نەهێنامەوە."
 
ماڵباتی ئاخین خەڵکی کۆبانێن، بەڵام جەنگ و ئاوارەیی وایکردووە تاوەکو ئێستا چوار جار شوێنی نیشتەجێبوونیان بگۆڕن. ئێستا لە قامشلۆ، سێ خێزانی 10 کەسی لە ژوورێکی بچووکدا ژیان بەسەر دەبەن.
 
لە نێو ئەو هەموو ئازار و دەستکورتییەدا، ئەدریان رەشید کە پووری ئاخینە، بە ورەیەکی بەرزەوە چاودێریی برازاکەی دەکات.
 
ئەدریان رەشید دەڵێت: "ئەم منداڵە نازانێت نەبوونی چییە. سەرەتا ماستمان دەدایێ و زۆر ئازارمان بینی، دواتر هاوکاری لە کوردستانەوە (باشووری کوردستان) بۆ هات و کەمێک باشتر بوو، بەڵام دیسان سەرما و کەشوهەواکە ساردە. ئاخین بێکەس نییە، چوار پوور و مام و نەنک و باپیرەی هەیە و بە هەموومان بەخێوی دەکەین."
 
ئاخین لەو ژوورەدا تەنیا نییە، کانا و محەممەدی ئامۆزای کە ئەوانیش 4 ساڵ پێش ئێستا باوکیان شەهید بووە، بە ماچ و یاریی منداڵانە دەیانەوێت ئەو بێنازییەی پێ پڕبکەنەوە کە جەنگ بەسەریدا سەپاندوون.
 
سەرەڕای هەموو ئەو مەینەتییانە، داپیرەی ئاخین هێشتا سوورە لەسەر مانەوە لە خاکەکەی و دەڵێت: "ئێمە بەم دۆخەوە بەرگە دەگرین و لە نیشتمان و خاکمان ناڕۆین. ئەو خاکە شەرەف و نامووسمانە."
 
چیرۆکی ئاخین و شەهیدبوونی باوک و مام و پوورێکی لە شەڕی دژی داعش و سوپای سووریادا، تەنیا نموونەیەکی بەرچاوی سەدان منداڵی رۆژئاوای کوردستانە کە جەنگ بە بێ دایک و باوک و ئاوارە جێی هێشتوون.