کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات لە ژمارەیەک پارێزگای باکووری کوردستان بەفر ببارێ

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا دەڵێ، پێشبینی دەکرێ لە ژمارەیەک پارێزگای باکووری کوردستان بەفر ببارێ. بەرپرسانی پارێزگاکانیش داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن هۆشیارانە مامەڵە بکەن. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینیییەکانی بۆ کەشوهەوای سبەی شەممە 7ـی شوباتی 2026 بڵاوکردەوە. 
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە پێشبینی دەکات لە کاژێرەکانی بەیانییەوە لە پارێزگاکانی جۆلەمێرگ، بەدلیس، وان، مووش، چەولیگ، دێرسم، ئەرزەڕۆم، ئاگری، قەرس، ئەردەخانی باکووری کوردستان بەفر ببارێ. 
 
هەروەها پێشبینی ئەوەش دەکات، شەپۆلەکە تاوەکو 11ـی مانگ بەردەوام بێ. 
 
کارگێڕی ئەو پارێزگایانە هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان کە هۆشیارانە مامەڵە بکەن، ئەوەش بەهۆی بارینی بەفری زۆر لە هەندێ ناوچە و دابەزینی پلەی گەرما کە دەبێتەهۆی بەستنی رێگەکان.