بەهۆی تەقینەوەیەک لە سەڵماس دوو کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی تەقینەوەیەک لە گوندێکی سەڵماسی پارێزگای ورمێ، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
 
رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە 05-02-2026 لە گوندی سوورەی سەڵماسی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە. یوسف یەعقوبزادە، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی شارەکە رایگەیاند، تەقینەوەکە لە دووکان یان باڵەخانەیەکی بازرگانی دروست بووە.
 
بە گوتەی یوسف یەعقوبزادە، دوو کەس بەهۆی تەقینەوەکەوە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بە سەختی برینداربووە، کە لەلایەن تیمەکانیانەوە گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی سەڵماس.
 
تاوەکو ئێستا هۆکاری تەقینەوەی دووکانەکە نازانرێت. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سەڵماس گوتی، لەوبارەوە سەرقاڵی لیکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زیاترن.
 
گوندی سوورە بە دووریی سێ کیلۆمەتر دەکەوێتەوە رۆۆژئاوای شاری سەڵماس و نزیکەی 380 ماڵە کە دانیشتووانەکەی تورکی ئازەرین.