بەرپرسێکی ئەلپارتی: 100 گوندی کۆبانی داگیرکراون و ماڵەکانیان تاڵان دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی ئەلپارتی رایدەگەیێنێت، 100 گوندی دەوروبەری کۆبانی لەلایەن سوپای سووریاوە کۆنترۆڵکراون و "ماڵەکانیان تاڵان دەکرێن". دەشڵێت: 99٪ـی دانیشتووانی ئەو گوندانە ئاوارە بوون.
ئەمڕۆ هەینی 06-02-2026، گێلۆ عیسا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (ئەلپارتی) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 09:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی دۆخی کۆبانی رایگەیاند، نزیکەی 20 رۆژە گەمارۆی سوپای سووریا لەسەر شارەکە بەردەوامە و هێزەکانیان چوونەتە نێو گوندە کوردییەکانەوە.
بەگوتەی گێلۆ عیسا، ئێستا 100 گوندی باشوور و رۆژهەڵاتی کۆبانی لە دەستی سوپای عەرەبیی سووریادان. گوتی: "نزیکەی 99٪ـی دانیشتووانی ئەو گوندانە ئاوارە بوون. ئەوانەی کە ماونەتەوەش، بە بەرچاوی خۆیانەوە ماڵەکانیان تاڵان دەکرێن."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی ئەلپارتی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هێزانە مامەڵەی خراپ لەگەڵ خەڵک دەکەن و "گوندەکانیان وێران کردووە، دزی و هەڕەشە لە خەڵک دەکەن."
سەرباری گەمارۆ سەربازییەکە، بەگوتەی ئەو بەرپرسەی ئەلپارتی، سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا، ئینتەرنێت و سووتەمەنی لەسەر کۆبانی بڕدراون.
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ شکاندنی گەمارۆکە، گێلۆ عیسا ئاشکرای کرد، دوێنێ شاندێکی خەڵکی کۆبانی لە حەلەب لەگەڵ جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی پارێزگاکە کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەسەر لابردنی گەمارۆ و کشانەوەی سوپا کردووە، بەڵام هێشتا ئەنجامەکەی دەرنەکەوتووە.
لەو چوارچێوەیەدا، گێلۆ عیسا داوای لە وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد گوشار بخەنە سەر دیمەشق بۆ ئەوەی پابەندی رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا بێت و دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە.