دوای مانگێکی دیکە بێریڤان ئەیوب ئازاد دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەی هەولێر هەر یەک لە بێریڤان ئەیوب و عەبدولموتەلیب رەمەزانی بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادا، پارێزەرەکەیان دەڵێت، مانگێکی دیکە سزاکەیان تەواو دەبێت و ئازاد دەکرێن.
 
رۆژی دووشەممە 6-3-2022، بەشدار حەسەن، یەکێک لە پارێزەرانی خۆبەخشی هەردوو دەستگیرکراوەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دادگاییەکە بەگوێرەی ماددەی یەک لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمان، لەلایەن سەرۆکایەتی دادگەی تاوانی دووی هەولێرەوە بەڕێوەچوو.
 
یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 تایبەتە بە هەموارکردنەوە و لە کارخستنی چەند مادەیەکی یاسای ژمارە 111ی ساڵی 1969 یاسای سزاکانی عێراق.
 
یەکێک لەو مادانەی لەکارخراوە، مادەی 159ی یاساکەیە و ئەم دەقە شوێنەکەی گرتووەتەوە: "هەر کەسێک بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەک لە کارێک تێوەبگلێت، بە مەبەستی زیانگەیاندن بە ئاسایش، سەقامگیری و سەروەری دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندکردنی هەتاهەتایی یان کاتی سزا دەدرێت."   
 
بەشدار حەسەن دەڵێت، دادگەی دووی تاوانی هەولێر، لەسەر ئەو ماددەیەی، کە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە بۆی نێردرابوو، هەر یەکێکیانی بە دوو ساڵ بەندکردن سزاداون. گوتیشی: "سەرەڕای تێبینیمان لەسەر حوکمەکە، ئەو بەڵگانەی کە ئاسایش پێشکەشی کردبوون لە بەرامبەر بێریڤان ئەیوب و عەبدولموتەڵیب رەمەزان، بەڵگەکان بڕواپێهێندراو نەبوون، بەڵام دادگە بڕوای وابوو کە دەبێت بۆ ماوەی دوو ساڵ حکوم بدرێن".
 
بەشدار حەسەن باسی لەوەشکرد، ئەوان لە بەیانییەوە رێکارەکانی ئازادکردنی مەرجی دەستپێدەکەن و گوتیشی: "لەبەرئەوەی لە هەر ساڵێک سێ مانگیان بۆ کەمدەکرێتەوە، ئازادکردنی مەرجیی دەیانگرێتەوە، بەو پێیەش دوو ساڵ حکوم دەبن، 6 مانگی لێ کەمدەکرێتەوە بە ئازادکردنی مەرجی، واتە ساڵێک و 6 مانگ دەمێنێتەوە، خۆشیان ماوەی ساڵێک و نزیکەی 5 مانگە دەستگیرکراون، مانگێکیان دەمێنێت و دواتر ئازاد دەکرێن".
 
بەگوتەی بەشدار حەسەنی پارێزەر، : هەردوو سزادراو ئەو تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە کە دراوەتە پاڵیان.
 
بێریڤان ئەیوب هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری دهۆکە، بەشدار حەسەن دەڵێت، بێریڤان لە دادگە گوتویەتی، "ئەو تۆمەتانەی سەرم ناڕاستن، ئەوەی هەیە لە فەیسبووک پۆستم کردووە و رەخنەم گرتووە".
 
عەبدولموتەلیب رەمەزان، هاونیشتمانییەکی رۆژئاوای کوردستانە، پێشتر لە رۆژئاوای کوردستان شەڕڤانی یەپەگە بووە و لە ساڵی 2016ـەوە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە، بەشدار حەسەن دەڵێت: "عەبدولموتەڵیبیش هەموو تۆمەتەکانی رەتکردەوە".
 
رۆژی 16-2-2021 دادگەی تاوانی هەولێر، بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار حەمەدەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەکی شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا. رۆژی رۆژی چوارشەممە 23-02-2022 بەشدار حەسەن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە مەرسوومێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سزای چوار لە دەستگیرکراون 60% کەمکرایەوە و کەسەکەی دیکەشیان 50% سزاکەی کەمکرایەوە، بەوهۆیەوە لە شەش مانگی داهاتوودا ئازاد دەکرێن.
 
رۆژی سێشەممە 22-2-2022، ئومێد حەجی فەتاح، ناسراو بە ئومێد بەرۆشکی، دوای بەسەربردنی سزاکەی کە نزیکەی ساڵێک حەوت مانگ بوو ئازادکرا، هەروەها بەدەل بەرواری دوای تەواوکردنی سزاکەی، کە یەک ساڵ بوو، لە رۆژی 20-10-2021 ئازاد کرا. هەردوو ئازادکراو هۆکاری سەرەکی سزاکەیان هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان لە دهۆک بوو.