چەند کوردێک لە سوێد پەیوەندیی بە هێزی "پاراستن"ی ئەو وڵاتەوە دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
لە ماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە 10 هەزار کەس لە سوێد پەیوەندییان بە 'هێزی پاراستنی سوێد' کردووە و داوایان کردووە رێگەیان پێبدرێت چەک هەڵبگرن". لە نێو ئەوانەی پەیوەندییان بە هێزەکە کردووە، کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتەش هەن.
 
لە سوید خواستی پەیوەندیکردن بە هێزی پاراستن (Hemvärnet) بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، تەنیا لە ماوەی هەفتەیەکدا دوو هێندەی ساڵێک پەیوەندیی بە هێزەکە کراوە.
 
ستیفان سۆن بۆری، سەرۆکی گشتی هێزی پاراستنی سوێد بە رادیۆی فەرمی سوێدی راگەیاندووە، خەڵکانێکی زۆر داواکارییان ناردووە، لە دوای 24ی شوباتەوە 10 هەزار کەس داواکارییان ناردووە، لە کاتێکدا ساڵانە پێنج هەزار کەس داواکاریی پێشکەش دەکەن.
 
ستیفان سۆن بۆری, خۆشحاڵە بەو دیاردەیە و دەڵێت: "نیشانەی ئەوەیە خواستێکی زۆر لە نێو خەڵکدا هەیە بۆ بەرگری".
 
ئەرمەند رۆستەم، کوردێکی دانیشتووی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێدە و لە کەرتی تەندروستی کار دەکات، ناوی خۆی لە هێزی پاراستن تۆمارکردووە، بە رادیۆی سوێدی راگەیاندووە: "سوێد ماڵی منە و دەمەوێت بەرگریی لێبکەم". ئەرمەند هیچ ئەزموونێکی سەربازی نییە و دەڵێت دەتوانێت لە بواری تەندروستی و گواستنەوە یارمەتیدەر بێت.
 
هێزی پاراستن، بەشێکە لە هێزی بەرگریی سوێد و خەڵک بە خواستی خۆی پەیوەندی بەو هێزەوە دەکات، نیوەی ژمارەی هێزەکانی بەرگریی سوێد، سەر بە هێزی پاراستنن.
 
سەرۆکی گشتیی هێزی پاراستنی سوێد ئاماژەی بەوەداوە لە دوای هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرینا لە 24ی شووباتی 2022، داواکاریی بۆ پەیوەندیکردن بە هێزی پاراستنەوە زۆر زیادی کردووە، بەڵام وەرگرتنەوەی وەڵام کات دەخایەنێت، چونکە ئەوانەی داواکارییان پێشکەش کردووە، دەبێت پێداچوونەوە بە داواکارییەکاندا بکرێت. سان بۆری داوا لە خۆبەخشان دەکات ئارام بگرن.