چیرۆکی ئاگرەکەی سۆران و سووتانی دایکێک و دوو منداڵی؛ "دەنگێکی بەهێز هات و وامزانی درۆنە"
رووداو دیجیتاڵ
ماڵێک لە گوندی دێڵزیانی سنووری سۆران سووتا، بەهۆیەوە دایکێک و دوو منداڵەکەی سووتان، کە یەکێک لە منداڵەکان برینی سەختە.
رووداوەکە درەنگانی شەوی رابردوو (سێشەممە، 5-3-2024) روویداوە، لە ماڵەکەدا هیچ شتێک بە ساخی دەرنەچووە. خاوەنماڵ کاسبە و لە کار بووە کاتێک هەواڵی سووتانی ماڵەکەی و هاوسەر و دوو لە منداڵەکانی پێگەیشتووە.
جەوهەر ئەحمەد، باوکی خاوەن ماڵەکەیە و بە رووداوی گوت "دەنگێکی بەهێز هات و وامزانی دەنگی درۆنە، هاتمە دەرەوە و بە کوڕەکەم گوت 'بڕۆ ئەو ماڵە سووتا'، کە هاتین منداڵێک لێرە بوو، ئاگری پێوە بوو، ئەوم فڕێدا دەرەوە و ئاگرم لێ کوژاندەوە، منداڵەکەی دیکە کە تەمەنی هەشت مانگە، ئەویشم هێنایە دەرەوە و رەوانەی نەخۆشخانەمان کردن."
منداڵە هەشت مانگییەکە بچووکترین قوربانیی رووداوی ئاگرەکەیە و کاتی رووداوەکە کەوتووەتە ژێر دار و پەردوو. بەشێکی جەستە و دەموچاوی سووتاوە و لەتاو ئازاری زۆر، ژیرنابێت.
نیسان زێڕۆ، پووری منداڵە سووتاوەکان لە نەخۆشخانەوە قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی "شەوی رابردوو منداڵەکەیان هێنا و لێرە داخڵ کرا. گوتیان 'سبەی بیهێننەوە.' ئیستا هێناومانە و دەڵێن دەبێت رەوانەی هەولێر بکرێت."
منداڵە هەشت مانگییەکە لە نەخۆشخانەیەکی سۆران چارەسەری سەرەتایی بۆ کراوە و پێویستی بە چارەسەری زیاترە.
قوربانیانی رووداوەکە سێ کەسن؛ ژنێکی تەمەن 30 ساڵ لەگەڵ منداڵێکی تەمەن هەشت مانگ و منداڵێکی دیکەی تەمەن شەش ساڵ، کە ئەویان دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و رێژەی 80٪ـی جەستەی سووتاوە.
دکتۆر حەمرین مینە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی دەڵێ دوو لە بەرکەوتەکانی ئاگرەکە "لێرە لە فریاکەوتنی ئاشتی چارەسەری سەرەتاییان بە شێوەیەکی رێکوپێک بۆ کرا، پاشان نێردراون بۆ هەولێر، بەشی سووتاوی لەوێ هەیە، بەشی تایبەت بە سووتان لێرە نییە."
بەگوێرەی راپۆرتی بەرگریی شارستانیی سۆران، هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکە؛ لێچوونی غاز بووە.