کەمپی ئازادیی دیموکرات و بارەگای پارتی ئازادیی کوردستان بۆردوومان کران
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دوو هێرشی جیا کرایە سەر سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر. قایمقامی قەزاکە دەڵێ، هێرشەکان بۆسەر کەمپی ئاشتیی دیموکرات و بارەگای پارتی ئازادیی کوردستان بوون.
حاکم تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە شەش درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی ئاشتی لە سنوورەکەمان".
هێرشەکە نزیک کاژێر 03:15ـی دوای نیوەڕۆ بوو. قایمقامی کۆیە گوتی: "پێش دەستپێکردنی جەنگ کەمپەکە چۆڵکرا، بۆیە هیچ زیانی گیانی نەبووە".
کەمپی ئاشتی بۆ کەسوکاری پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دروستکراوە.
قایمقامی کۆیە ئاماژەی بە هێرشێکی دیکەی ئەمڕۆ کرد و گوتی: "پێش نیوەڕۆ بە درۆن هێرش کرایە سەر بارەگای پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، بەڵام پێش ئامانجەکە پێشمەرگەکان تەقەیان کرد و درۆنەکە کەوتە خوارەوە".
جاری یەکەم نییە و دوای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران کە ئەمڕۆ حەوت رۆژە بەردەوامە، چەند جارێکی دیکە سنووری قەزای کۆیە بە پاساوی هەبوونی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کراوە.