پارێزگاری هەولێر بۆ رووداو: درۆنێک لە نزیک هۆتێلێکی هەولێر کەوتەخوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای هۆشدارییەکەی ئەمشەوی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنە سەر هۆتێلەکانی هەرێمی کوردستان، درۆنێک لە نزیک هۆتێلێکی شاری هەولێر کەوتەخوارەوە و پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، هێرشێک بووە و تێکشکێندراوە.
رۆژی هەینی، 6ی ئاداری 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیک کاژێر 11:00ی ئەمشەو، درۆنێک لە نزیک هۆتێل رۆتانا ئارجان و سکای تاوەر کەوتە خوارەوە.
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، درۆنەکە پێش ئەوەی ئامانجەکەی بپێکێت "تێکشکێندراوە."
ئومێد خۆشناو گوتی، "نازانرێت ئامانجی درۆنەکە کوێ بووە، بەڵام درۆنەکە کە تێکشکێندراوە و پارچەکانی لە نزیک ئەو هۆتێلە کەوتوونەتە خوارەوە."