دژەتیرۆر: لە ئاسمانی هەولێر چوار درۆن تێکشکێندران
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو هێزەکانی هاوپەیمانان چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند. پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، پارچەی درۆن لە نزیک هۆتێلێک کەوتوونەتە خوارەوە و زیانی گیانییان نەبووە.
بەپێی راگەیێندراوێکی دژەتیرۆری کوردستان، کاژێر 10:41ی شەوی هەینی، هێزەکانی هاوپەیمانان چوار درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە.
دژەتیرۆر دەڵێت، بەپێی زانیارییەکان، پاشماوەی یەکێک لە درۆنەکان لە گۆڕەپانێکی چۆڵی نزیک هۆتێلێک کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێش راگەیێندراوەکەی دژەتیرۆر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، درۆنێک لە نزیک هۆتێل (رۆتانا ئارجان) و (سکای تاوەر) کەوتووەتە خوارەوە. پارێزگاری هەولێر گوتی، درۆنەکە پێش ئەوەی ئامانجەکەی بپێکێت "تێکشکێندراوە."
ئەم هێرشە و تێکشکاندنی درۆنەکان تەنیا چەند کاژێرێک دوای هۆشدارییەکی ئەمنیی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دێت، کە تێیدا هۆشداری دابوو لە ئەگەری هێرشکردنی "میلیشیاکان" بۆ سەر ئەو هۆتێلانەی لە هەرێمی کوردستان بیانییەکانیان تێدا دەمێننەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوای لە هاووڵاتییانی کردبوو هەمیشە ئامادەبن و پێداویستیی پێویست پاشەکەوت بکەن، چونکە ئەگەری هەڕەشە بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی بیانییەکان لە ئارادایە.