پارێزگاری هەولێر لەبارەی هێرشەکان: حکومەتی عێراق بەرپرسیارە و دەبێت هەڵوێستی هەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پایتەختی هەرێمی کوردستان لەلایەن "گروپە یاساشکێنەکانەوە" کراوەتە ئامانجی "تیرۆریستی" و دەڵێت، "حکومەتی عێراق لەو پرسە هەستیارە بەرپرسیارە و پێویستە لە زووترین کاتدا هەڵوێستی کردەیی وەربگرێت."
 
شەوی 06-03-2026 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەولێری کرد و ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان هەمیشە لە سەنگەری ئاشتی بووە و لە هەوڵی ئاشتیخوازانەدایە بۆ تەواوی ناوچەکە، "کەچی گرووپە یاساشکێنەکان لە پەلامارە تیرۆریستییەکانیان بەردەوامن."
 
لەبارەی هێرشەکەی نزیک "سکای تاوەر"، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "ئەوەی روویدا، کە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی سڤیلە، رووی راستەقینەی تیرۆریستانی نیشاندا."
 
 
ئومێد خۆشناو لە پەیامەکەیدا بە تووندی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی سڤیل دەربڕی و بە "کارێکی چەپەڵ و تیرۆریستی" وەسفی کرد.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی دا پارێزگاری لە خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و "رووبەڕووی خراپەکاران و تیرۆریستان دەوەستێتەوە."
 
شەوی هەینی 6ی ئاداری 2026، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، نزیک کاژێر 11:00ی شەو، درۆنێک لە نزیک هۆتێل رۆتانا ئارجان و سکای تاوەری هەولێر کەوتە خوارەوە، درۆنەکە پێش ئەوەی ئامانجەکەی بپێکێت "تێکشکێندراوە."
 
ئومێد خۆشناو گوتیشی، "نازانرێت ئامانجی درۆنەکە کوێ بووە، بەڵام درۆنەکە کە تێکشکێندراوە و پارچەکانی لە نزیک ئەو هۆتێلە کەوتوونەتە خوارەوە."