گرووپێکی چەکدار بانگەشە هێرشکردنە سەر "پێگەیەکی گرنگ" لە دهۆک دەکات
رووداو دیجیتاڵ
گرووپێکی چەکدار بەرپرسیارێتیی هێرشکردنە سەر "پێگەیەکی گرنگ" لە پارێزگای دهۆک رادەگەیێنێت، هاوکات "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ئاشکرای دەکات کە لە ماوەی 24 کاژێردا 27 هێرشیان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق کردووە.
ئەمڕۆ هەینی 6ی ئادار، گروپی "سەرایای ئەولیا دەم"، کە سەر بەو گرووپەیە کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند ئەمڕۆ بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر پێگەیەکی گرنگی پارێزگای دهۆک؛ بە پاساوی تۆڵەسەندنەوە بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەندامانی گرووپی موقاوەمە.
شەوی رابردوو 5ی ئادار، بە درۆن هێرشکرایە سەر چەند پێگەیەکی هەرێمی کوردستان، یەکێکیان لە دژی کێڵگەی نەوتی سەرسنگ بوو کە بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیە راگیرا.
ماوەی شەش رۆژە هێرشی مووشەک و درۆن بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکرێت و زۆربەیان لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە تێکدەشکێنرێن.
بەیانی ئەمڕۆ هەینی 6ی ئادار، گروپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە نزیکن لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا 27 هێرشیان لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە لە عێراق و دەرەوە کردووە.
رۆژی 28ی شوباتی 2026 ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی هاوبەشیان کردە سەر ئێران، ئەویش بە درۆن و مووشەک وەڵامی دانەوە. هەر لە یەکەم رۆژی جەنگەکەوە بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق پاڵپشتی خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی و بە درۆن و مووشەک بە پاساوی لێدان لە هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان.