لە 24 کاژێردا هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان گشتگیر بوون؛ سێ پارێزگا بۆردوومان کران

رووداو دیجیتاڵ
 
لە 24 کاژێری رابردوودا، هێرشەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە بۆ سەر هەرێمی کوردستان چووەتە قۆناخێکی نوێوە و سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بە چڕی بۆردوومان کران، کە بەهۆیەوە زیانی گیانی و مادییان لێکەوتووەتەوە.
 
بەگوێرەی بەدوادچوونی رووداو، لە کاژێرەکانی نیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە تاوەکو کاژێرەکانی کۆتایی هەمان رۆژ، ئەم ناوچانە کراونەتە ئامانج:
 
پارێزگای سلێمانی: چیای زمناکۆ نزیک دەربەندیخان؛ کەمپی سوورداش لە قەزای دووکان.
پارێزگای هەولێر: کۆیە، خەبات، سۆران، چیای کۆڕەک و شەقڵاوە.
پارێزگای دهۆک: ناحیەی چەمانکێ.
پارێزگای کەرکووک: کەوتنە خوارەوەی درۆنێک لە نێوان کەرکووک و سلێمانی.
 
هەر لە کاژێرەکانی سەرەتای رۆژی پێنجشەممەدا، بە سێ درۆن هێرش کرایەسەر چیای زمناکۆ لە نزیک قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی.
 
ئامانج محەممەد کەساس، قایمقامی دەربەندیخان لەبارەی هێرشەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "درۆنەکان ئامانجیان بورجەکانی پەیوەندی بووە لەسەر چیایەکە و زیانیان پێگەیاندوون".
 
لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سنووری سلێمانی، شەوی رابردوو هێرش کرایە سەر رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە) لە نێو کەمپی سوورداش لە قەزای دووکان. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە.
 
هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستان زۆرینەیان دوای خۆرئاوابوون دەکرێن. ئێوارەی دوێنێ بە درۆن هێرشکرایە سەر فێرگەی کۆنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر.
 
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رووداویان راگەیاند، هێرشەکەی سنووری کۆیە لە رێگەی درۆنەوە بووە لە نزیک جبەخانەی کۆنی حیزبەکە لە نزیک قەڵای هەرمۆتە، "هیچ زیانێکی نەبوو".
 
شەوی رابردوو هەر لە سنووری هەولێر، هێرشکرایە سەر بارەگای سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە سنووری ناحیەی رزگاری لە قەزای خەبات. چەند سەرچاوەیەک بە رووداویان گوت: "دوو پێشمەرگەی سازمانی خەبات بەهۆی هێرشەکەوە بریندار بوون".
 
لە هێرشێکی دیکەدا دژی سنووری هەولێر، شەوی رابردوو تەقینەوەیەکی بەهێز شاری سۆرانی هەژاند. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێرشەکە بە درۆن بووە و ماڵی هاونیشتمانییەکی لە شارەکە کردووەتە ئامانج.
 
بەهۆی هێرشەکەی سەر سۆرانەوە، ئاگرێکی گەورە لەو ماڵە کەوتەوە و کە کرابووە ئامانج، بەڵام بەگوێرەی گوتەی خاوەنی ماڵەکە بۆ رووداو، "زیانی گیانی نەبوو".
 
هەر شەوی رابردوو لە چیای کۆڕەک لە سنووری پارێزگای هەولێر بە چەند درۆنێک هێرش کرایە سەر تاوەرەکانی پەیوەندی لە چیاکە.
 
لە هێرشێکی دیکەدا لە سنووری هەولێر، درۆن لە باخچەی ماڵێک لە شەقڵاوە کەوتە خوارەوە. سوارە ئەکرەم، قایمقامی شەقڵاوە بە رووداوی گوت: "هێرشەکە زیانی نەبوو".
 
بازنەی هێرشەکان لە 24 کاژێری رابردوودا فراوانتربوون و شەوی رابردوو هێرش کرایە سەر کێڵگە نەوتییەکانی سنووری ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک.
 
پەیامنێری رووداو لە ناوچەکە گوتی: "هێرشەکە دوو درۆن بووە دژی کێڵگە نەوتییەکان، بەڵام ئامانجی خۆیان نەپێکاوە و زیانیان نەبووە".
 
شەوی رابردوو شانەی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، درۆنێک لە نێوان سلێمانی و هەولێر کەوتووەتە خوارەوە.
 
"زۆرینەی هێرشەکان بێ کاریگەر کراون"
 
سەرچاوەیەکی باڵای کارگێڕیی لە هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێرشەکانی سنووری پارێزگای هەولێر رۆژ دوای رۆژ فراوانتر و گشتگیرتر دەبن".
 
ئەو بەرپرسە باڵایە گوتی: "هێرشەکان زۆرینەیان لەلایەن سیستمەکانی بەرگرییەوە تێکشکێندراون و بێ کاریگەر کراون".