مەلا بەختیار: کاروان کەوتەڕێ و گەلەکەمان دەبێت بە جیددی وەریبگرێت
رووداو- هەولێر
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت: "ئیدی کاروان کەوتەڕێ و کورد لە هەر کوێیەکی ئەم جیهانە بێت دەبێت ئەمە بە جیددی وەربگرێت". سکرتێری سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت: "گشتپرسی مافی خۆمانە و مەترسیش نین لەسەر هیچ لایەک".
شاندە هاوبەشەکەی یەکێتی و پارتی لەگەڵ حیزبی سۆسیالیست کۆبوونەوە و لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی رۆژنامەڤانیدا ، محەممەد حاجی مەحموود ، سکرتێری سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا دەبێت لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت، شاندێک چووە بەغدا بۆ ئەو پرسە و تێگەیاندنیان لەوەی کە ئێمە گشتپرسی بۆ ئەوە دەکەین کە مافی خۆمانە و مەترسیش نییە لەسەر هیچ لایەک و هیچ دەوڵەتێک".
سکرتێری سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەگەر لەماوەی 26 ساڵی رابردوو خێرمان بۆ دراوسێکانمان نەبووبێت ئەوا زیانیشمان نەبووە و هەمیشەیش مایەی خێربووین. پشتگیری لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە دامودەزگا فەرمییەکانی کەرکووک دەکەین و بە دڵنیاییشەوە جارێکی دیکە ئەو ئاڵایە نایێتە خوارەوە".
محەممەد حاجی مەحموود گوتی: "ئێمە پشتیوانی لە شاندەکەی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ بەغدا و هەروەها ئەو شاندەی لە هەرێمی کوردستان دروستکراوە بۆ سەردانیکردنی حیزبەکان، دواتریش کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان دەکرێت و لەوێیش قسەی زیاتر و بڕیاری پێویست دەدرێت بۆ پرسی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان".
مەلا بەختیار ، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆنفرانسە هاوبەشە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی: "دەمێکە قسە دەکەین و ئیدی کاروان کەوتەڕێ و کورد لە هەرکوێیەکی ئەم جیهانە بێت دەبێت ئەمە بە جیددی وەربگرێت ، هەروەها بەرامبەرەکانیشمان بە جیددی وەریانگرتووە. ئیستا بە پراکتیک و کردەوە کەوتینە قسەکردن لەسەر ئەو پرسە کە ئەمە مافی رەوای خۆمانە".
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەبارەت بە گشتپرسی لە کوردستان گوتی: "ئێمە دەمانەوێت کارێک بکەین کە هەموو جیهان خەریکە دەیکات ، ئەوەتا تورکیا ئێستا سەرقاڵی بانگەشەی ریفراندۆمە ، وا سکۆتلەندا جارێکی دیکە داوای ریفراندۆم دەکاتەوە ، باشووری سودان کردی ، هەموو ئەوروپای رۆژئاوا کردی ، سلۆڤینیا 13 شەهیدی دا کرایە دەوڵەت".
پرسی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک، یەکێک لەو تەوەرانە بوو کە مەلا بەختیار قسەی لێکرد و گوتی: "یەک بست خاکی هیچ کەسێک و یەک گەڕەک و یەک ماڵی تورکمان لە کەرکووک داگیرناکرێت ، بەپێچەوانەوە ئاوەدان دەکرێتەوە و تەواوی مافە نەدراوەکانیان دەدرێت ، بۆیە کاروان کەوتەڕێ، تاقە چەکی دەستی ئێمەش یاسا و گفتوگۆیە ، خوا نەکردە هاتنە سەرمان بێگومان چەکی دیکەمان هەیە بەرگریی لەخۆمان بکەین".
مەلا بەختیار گوتی: "سەبارەت بە ئاڵا، لە 91 -ەوە ئاڵای کوردستان وردەوردە بەرزدەکرێتەوە ، پەرلەمانی کوردستان بەڕەسمی ناساندوویەتی ، لە عێراق بە بەردەوامی باسی پەرلەمانی کوردستان کراوە ، فیدراڵی کوردستان بەڕەسمی لە دەستووردا هەیە و لە ئەنجوومەنی ئاسایش قبوڵکراوە ، لە ماددەی 140 بڕگەیەک هەیە دەگوترێت ناوچەی کیشە لەسەر، وە ماددەیەکی دیکەیش لە دەستوور هەیە کە دەڵێت ماددەی 140 هەموار ناکرێتەوە و دەبێت جێبەجێ بکرێت. ئەگەر لەو ماوەیە جێبەجێ بکرایە ئەوە 80%ی کێشەکان ئێستا چارەسەرکرابوو، ئۆباڵەکانیشی دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی ئێستای عێراق".
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت: "ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە کەرکووکیش چارەنووسی موسڵی دەبوو ، بۆ پێشمەرگەت قبوڵە گیان بەخت بکات و بتپارێزێ ئەی بۆ ئاڵاکەیت قبوڵ نییە؟، خوێن گرانە یان ئاڵا ، ئێمە بۆ شەڕی داعش 1700 شەهیدمان داوە ، 15 هەزار بریندار و پەککەوتەمان هەیە ، هەزاران ماڵمان وێران بووە ، بەم هەموو ئازارەیشەوە 2 ملیۆن کەسمان لە ئێوە داڵدە داوە ، لەکاتی ئەنفالدا ئێوە تەعریبتان کردین ، کەچی ئێمە ئێوەمان لەباوەشی خۆمان گرت".
سەبارەت بە شاندە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی مەلا بەختیار گوتی: "دروستکردنی شاندێکی هاوبەش و ناردنی بۆ بەغدا پیشنیازی یەکێتی بوو کە خۆشبەختانە بڕیاری لەسەردرا و شاندەکە چووەتە بەغدا ، ئەو هەڵایەی لەسەر ئاڵای کوردستان دروستبوو ئارام کرایەوە ، بۆ یەکەمجار شیعە و سوننە بە رەسمی پێشوازییان لە کاراکردن و جێبەجێکردنی ماددەی 140 کرد ، دوای ماوەیەکی زۆر کە بەداخەوە ساردی کەوتبووە نێوان پارتی و یەکێتی ئێستا پەیوەندییەکانمان گەرم کردووە و شاندێک لە بەغدا و شاندێک لە کوردستان سەردانی حیزبەکان دەکەین ، ئەمەش بەستەڵەکێکی تواندەوە ، بەڵام ئەم گەرمکردنە بۆ نەتەوەی کوردە ، بۆ ریفراندۆمە ، بۆ ئاڵایە بۆ ئەوەشە کە لەگەڵ تەواوی حیزبەکانی دیکەیش بکەوینە گفتوگۆ بۆ ئەوەی ئومێدێک بدات بۆ چارەسەرکردنی کیشەچارەسەرنەکراوەکانی دیکە".
مەلا بەختیار گوتی: "پێکهێنانی ئەم شاندە لەسەر حسابی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان نییە ، ئێمە لە کۆبوونەوە هاوبەشەکانمان سێ جار باسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانمان کردووە دەرگاش دانەخراوە بۆ گفتوگۆ لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان ، پێمانوایە ئەم کارە ئومێدێک دەبەخشێت و دەرگایەک دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
سەبارەت بە هەڵویستی گۆڕان و پێشوازی نەکردنیان لەو شاندەی پارتی و یەکێتی مەلا بەختیار گوتی: "بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ گۆڕان ، نیگەران نابین کە بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوێست دەردەبڕێت و مافی خۆیانە، حیزبێکی ئازادن و ستراتیژی خۆیان هەیە ، بەڵام وەک خۆم پێموایە خۆزگا لەگەڵیان دابنیشتینایە و دە بەقەد راگەیێندراوەکەیان بۆیان روونبکردینایەتەوە ، ئاساییشە رێکیش نەکەوین ، ئێمە بەها دادەنێین بۆ هەڵویستەکەیشیان".
مەلا بەختیار سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکان گوتی: "ئەنجامی ئەم کۆبوونەوانە دەبرێتەوە بەردەم کۆبوونەوە هاوبەشەکەی یەکێتی و پارتی ، دواتر بۆ ریفراندۆم دەبێت هەموو هێزە سیاسییەکان پێکەوە لیژنە دروستبکەن بۆ ئەوەی هەنگاوە کردارییەکانی ریفراندۆم لەلایەنی یاساییەوە بڕیاری لەسەر بدرێت، بۆ سەردانی وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتە گەورەکانیش هەمووی قسەی لێ دەکرێت بزانین چۆن قسەی لەسەر بکەین. گرنگە ئەنجامدانی سیناریۆی ریفراندۆمەکە سیناریۆی نیشتمانی کوردستانی بێت نەک سیناریۆی یەکێتی و پارتی بە تەنیا".
مەلا بەختیار گوتی: "بزووتنەوەی گۆران لە جڤاتی نیشتمانی دانیان ناوە بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان ، کۆبوونەوە بکرێت یان نەکرێت گرنگ نییە ، دەبێت ئەوە لەبەرچاوبگیرێت ، ستراتیژی ئەو بزووتنەوەیە چییە ئەوە گرنگە ، ئایا بەبێ گۆڕان یان یەکێتی یان لایەنێکی دیکە ریفراندۆم دەکرێت یان نا ، ئەوە کۆبوونەوە نیشتمانییەکانی حیزبەکانە کە لەسەر ئالییەت و کاتەکەی دەبێت رێکبکەون ، یەکێتی و پارتی بە تەنیا ناتوانین بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدەین".
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەبارەی هەڵویستی حیزبەکەی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان پێش ریفراندۆم گوتی: "سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمان ئێمە بۆچوونمان لەگەڵ پارتی جیاوازە و لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمانین ، ئێمە بۆچوونمان وایە کە ئەم هەوڵانە بۆ ئەوە بێت دەرگایەکی دیکە بکەینەوە بۆ چۆنیەتی کاراکردنەوەی پەرلەمان ، ئەوەی کە بەبێ کاراکردنەوەی پەرلەمان ریفراندۆم ئەنجام بدرێت یان نا ، دەبێت سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاری لەسەر بدات".
پرسێکی دیکەی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە ، پەیوەندی بە بەشداریی نەکردنی مەلا بەختیار بوو لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە ، مەلا بەختیار گوتی: "من پەیامێکم هەبوو بۆ مەکتەبی سیاسی و لە کۆبوونەوە خوێندراوەتەوە و وەڵامم دراوەتەوە ، شەش خاڵم پیشنیازکردووە بۆ بووژانەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی ، گەڕانەوەی شکۆ بۆ ئۆرگانەکانی یەکێتی ، رێگری لە هەموو پرۆژەیەکی ناشەرعی ئابووری لە کوردستان و کۆبوونەوەی لابەلا نەکردن و گەڕانەوە بۆ کۆبوونەوە رەسمییەکانی ناو یەکێتی، بە پۆزەتیڤ وەڵامیان داومەتەوە ، ئەگەریش بچمەوە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی پێداگریی لەسەر ئەو خاڵانە دەکەم ، چارەنووسی منیش لەنێو یەکێتی بەستراوە بەوەی تاوەکو چەند ئەو خاڵانە جێبەجێ دەکرێن".
داڕشتنەوە؛ عومەر شایان