سوپای توركیا له 8 لووتكه چیای دیكه‌ی باشووری كوردستان جێگیردەبێت
رووداو - سۆران
ئۆپەراسیۆنی زەمینیی تورکیا دژی پەکەکە لە باشووری کوردستان بەردەوامە و، لە 24 کاژێری رابردوودا دوای بۆردوومانی چڕ و تۆپبارانکردن، بە هەلیکۆپتەر هێزی لە 8 لووتکە چیای دیکە دابەزاند.
لووتکە چیاکان دەکەونە دەڤەری سیدەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر و بەسەر تەواوی دەشتی بەرازگر و دوورهموڵكدا دەڕوانن، بە کۆنترۆڵکردنی ئەو لووتکانە ئێستا سوپای تورکیا بەقوڵایی زیاتر لە 20 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاکی باشووری کوردستانەوە.
فارس ره‌سوڵ، موختاری گوندی شاپان لە دەڤەری سیدەکانی سەر بە قەزای سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە شەوی رابردووەوە 5-4-2018 تاوەکو کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، سوپای تورکیا بەردەوام ناوچەکەی بۆردوومان و تۆپباران دەکرد، دواتر لەڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە سەربازی لە چیاكانی (شاپان، دیلان، كه‌وێت، به‌نێ، چیاسۆر، ئاله‌كان و چیانهیا)ی دابه‌زاندن".
سوپای تورکیا لە 10ی ئاداری 2018 ەوە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و باکووری کوردستان دەستی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی کردووە، تاوەکو ئیستا بەقوڵایی زیاتر لە 20 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاکی باشوورەوە، لەسەر کۆمەڵێک لووتکە چیاش سەربازی جێگیرکردوون، بەردەوامیش له‌ڕێگه‌ی ئامێری شۆفڵ و بلدۆزه‌ره‌وه سه‌رقاڵی لێدانی رێگای ئۆتۆمبێله بۆ سەر لووتکە چیاکان و قەرەقۆڵییان لێ دروستدەکات.
ئیحسان چه‌له‌بی، به‌ڕێوه‌به‌ری شارۆچكه‌ی سیده‌كان به رووداوی راگه‌یاند: "له ماوه‌ی 24 كاژێری رابردوودا سوپای توركیا نزیكەی 6 كیلۆمه‌تری دیكه هاتووەته قوڵای خاكی باشووری كوردستان، رۆژانه‌ش لە پێشڕەویکردن به‌رده‌وامه". ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر 17 کیلۆمەتر خاکی باشووری کوردستانی بەزاندبوو.
چه‌له‌بی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو لووتکە چیایانەی ئێستا لەلایەن سەربازانی سوپای تورکیاوە کۆنترۆڵکراون، بەسەر رووبه‌رێكی زۆری سنووری شارۆچكه‌ی سیدهكاندا دەڕوانن.
هەر ئەمڕۆ سوپای تورکیا گیانلەدەستدانی 7 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکەی لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە خواکوڕک راگەیاند.
سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ هەینی یەکەی بەرپەرچدانەوەی خێرای سەر بە فه‌رمانده‌یی لیوای كۆماندۆی سنوورپارێز، ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەکانی سەر بە خواکوڕک لە باشووری کوردستان ئەنجامدا، بەهۆیەوە 7 گەریلا گیانیان لەدەستدا.
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی بڵاونەکردووەتەوە و هێرشەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
هەر ئەمڕۆ سوپای تورکیا رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە فڕۆکە جەنگییەکانیان بنکە و بارەگاکانی پەکەکەیان لە ناوچەی خواکورک و زاپ کردووەتە ئامانج، به‌هۆیه‌وه 14 گه‌ریلا گیانیان له‌ده‌ستداوه، هه‌روه‌ها 13 حه‌شارگه و كۆگاش كراونه‌ته ئامانج.
له سێ ئۆپه‌راسیۆنی ئاسمانیی جیاوازیشدا كه رۆژانی 1 و 2-4-2018 له هه‌مان ئه‌م دوو ناوچه‌یه‌دا ئه‌نجامدراون، 59 گه‌ریلا گیانیان له‌ده‌ستداوە.
سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌ركانی گشتیی سوپای توركیا ده‌ڵێت لە 10ی ئادارەوە تاوەکو ئێستا 80 په‌ناگه و ئه‌شكه‌وتی پەکەکە لە دەڤەری سیدەکان خاپووركراون، 24 بۆمب و مین پووچەڵکراونەتەوە و ده‌ستبه‌سه‌ر بڕێکی زۆری 54 جۆر چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازییدا گیراوه. هه‌روه‌ها 89 گه‌ریلا گیانیان له‌ده‌ستداوه.
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح