35 پەرلەمانتار داوا دەکەن وەزیری کارەبا بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
35 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان یاداشتێکیان  ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی کردووە بۆ ئەوەی بانگهێشتی وەزیری کارەبا بکرێت بۆ پەرلەمان، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: "پێویستە بزانین بارودۆخی کارەبا ئێستا چی کێشەیەکی هەیە و بۆچی نرخی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان هێندە بەرزبووەتەوە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی نیسانی 2022، هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت: "یاداشتمان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە بۆ ئەوەی کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا بێتە پەرلەمانی کوردستان و روونکردنەوە لەسەر کۆی دۆخی کارەبای هەرێمی کوردستان بدات." 
 
هیڤیدار ئەحمەد گوتیشی: "روونکردنەوەمان دەوێت بۆ ئەوەی بزانین بارودۆخی کارەبا بۆچی بەو جۆرەیە، بۆچی ئەمپێری کارەبا بەسەر هاونیشتیمانیانی هەرێمی کوردستان هێندە گرانە، پرسیاری پەرلەمانتاران ئامادەیە و راپۆرتێک لەو بارەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان ئامادە دەکەین." 
 
لە بارەی گرانبوونی نرخی  موەلیدە ئەهلییەکان هێڤیدار ئەحمەد گوتی: " ئێستا نرخی موەلیدە لەسەر هاونیشتیمانیان زۆر گرانە ئەگەر هەر ماڵێک پێنج ئەمپێری هەبێت و پارەی کارەبای موەلیدە، نیشتمانی، کرێ ئەنتەرنێت و کرێ هاتووچۆی منداڵ بدات ئەوە زۆر دەکات ئەو هەموو پارەیە لە ناو خەڵکی ئێمە زۆرە چونکە زۆربەی هاونیشتیمانیان مووچەخۆرن، کە ئەوپەڕی 750 هەزار دینار وەردەگرن."
 
بە گوتەی ئەو ئەندام پەرلەمانە، "واژووی پێویست بۆ بانگهێشتکردنی وەزیر ئامادەکراوە و دەبێت بکرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمان و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت و وەزیری کارەبا ئاگادار بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئامادە بێت."  
 
بە گوتەی قارەمان مەولوود، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدەکان بۆ مانگی ئادار، لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاواز بووە  و نرخی یەک ئەمپێر کارەبا لە 8,000 هەزار دینارەوە دەستیپێکردووە تاوەکو 16 هەزار و 500 دینار، ئەو شوێنانەشی کارەبای 24 کاژێرییان هەیە، یەک ئەمپێر 19 هەزار و 500 دینارە".
 
هەروەها سیروان محەممەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانیش رۆژی یەکشەممە 3-4-2022، بە (رووداو)ی گوتبوو لیژنەکانی سه‌رپه‌رشتیارى مۆ‌لیده‌ ئەھلییەکانی سلێمانی، بۆ دیاریکردنی نرخی كاره‌بای موەلیدە كۆبوونه‌وه‌ و به‌گوێره‌ى نرخى گازوایل و كاژێره‌كانى كاركردن، نرخى ئه‌مپێرێك كاره‌باى مۆ‌لیده‌ى ئه‌هلى بۆ مانگی رابردوو له‌ نێوان 14 بۆ 14 هەزار و 500 دینار دیاریکراوە. 
 
مانگی ئادار لە پارێزگای دهۆک بە هەر 7 قەزاکەوە، 410 بۆ 495 کاژێر کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان هەبووە. نرخی هەر ئەمپێرێکیش لەنێوان 22 بۆ 23 هەزار و 750 دینار بووە.