لە هەولێر پێشانگە و فێستیڤاڵی بازاڕی شەوانی رەمەزان دەکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئامادەکاریی بۆ کردنەوەی پێشانگە و فێستیڤاڵی بازاڕکردن لە شەوانی رەمەزان لە هەولێر دەکرێت، کۆمپانیا نێوخۆییەکان دەیانەوێت لە رێگەی نمایشکردنی بەرهەمەکانیان کێبڕکێی بازاڕ و کۆمپانیا بیانییەکانی بەشدار لە پێشانگەکە بکەن. 
 
سەفوان عیماد، سەرپەرشتیاری راگەیاندنی کۆمپانیای ئەلوەزیر دەڵێت: دەمانەوێت لەم پێشانگەیە خەڵک بە بەرهەمەکانمان ئاشنا بکەین، لێرە چاومان لە قازانج نییە تەنیا دەمانەوێت خەڵک بەرهەمەکانمان بە نرخی گونجاو بکڕن. 
 
100 کۆمپانیا کە 40یان نێوخۆیین و 60 کۆمپانیاشیان بیانین لە حەوت وڵات بەشداری پێشانگە و فێستیڤاڵی بازاڕکردن لە شەوانی رەمەزانیان کردووە. 
 
نازنم جەمیل خان، سەرپەشتیاری کۆمپانیا هیندییەکان گوتی: بەشداریمان کردووە لەو پێشانگەیە بۆ ئەوەی خەڵک بزانێت کە بەرهەمی هیندی چییە، خواستی خەڵک جیاوازە، وڵاتان جیاوازن ئەمەش بەشێکە بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی هیندی. 
 
بنیامین حوسێنی، خاوەن کۆمپانیایەکی ئێرانییە و گوتی: من کارم پیشەسازی دەستییە وەکو دروستکردنی گوارە و ئەنگوستیلە و کەلوپەلی جوانکاری ئافرەتان، هەمووشی دروستکراوی خۆمن هاتوومەتە پێشانگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی کەلوپەلەکانم نمایش بکەم تاوەکو بیانفرۆشم. 
 
فێستیڤاڵەکە شەوانی رەمەزان لە 7 بۆ 17ی ئەم مانگە بۆ ماوەی 11 رۆژ بەردەوام دەبێت. 
 
یوسف مەلازادە، سەرپەرشتیاری پێشانگە و فێستیڤاڵی رەمەزان بە رووداوی گوت: ویستمان کاری بازاڕکردن بۆ خەڵک ئاسان بکەین بتوانن هەموو پێداویستییەکانیان لە یەک شوێن بکڕن، پێشانگەکە رۆژانە کاژێر 06:00ی ئێوارە دەکرێتەوە تاوەکو پاشیڤ بەردەوام دەبێت، دوای تەواوبوونی ئەم پێشانگەیە پێشانگەیەکی دیکەی بیناسازیمان دەبێت. 
 
لە پێشانگە و فێستیڤاڵەکە جگە لە نمایشکردنی کاڵاکان بە درێژایی رۆژانی رەمەزان چەندین چالاکی ئایینی و کولتووری جیاجیا بەڕێوەدەچێت، پێشبینیش دەکرێت فێستیڤاڵەکە نزیکەی 200 هەزار سەردانیکاری هەبێت.