کەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە؟

رووداو دیجیتاڵ 

ماوەی 13 رۆژە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، وەستاوە و تائێستاش تەنیا لە هەناردەکردنی نەوت، زیانی راستەوخۆی 325 ملیۆن دۆلاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە، کە 80٪ـی پارەکە بۆ مووچە تەرخاندەکرێت، بۆیە "کەی دەستدەکرێتەوە بە هەناردەکردنی نەوت" ئێستا پرسیاری زۆربەی هاونیشتمانییانە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو دەبوو لەدوای 24 بۆ 48 کاژێر لەدوای راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق نامەیەکی فەرمی ئاراستەی تورکیا بکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام، هێشتا هەناردەکردنەوەی نەوت دەستی پێنەکردووە.
 
لە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان رۆژانە بڕی 25 ملیۆن دۆلار زیان بە حکومەت دەگات، ئەمە زیانی راستەوخۆیە و ئەو زیانانە ناگرێتەوە کە بەر وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و پاڵاوگەکان کەوتوون، بە هەمان هۆکار.
 
رۆژی سێشەممە، 5-4-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، هەردوولا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا رێککەوتنەکەیان بە گرنگ وەسف کرد کە دەبێتە سەرەتایەک بۆ رێککەوتنی زیاتر.
 
سوودانی لەدوای رێککەوتنەکە چی بە وەزیری نەوتی عێراق گوتووە؟
 
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ فوئاد رەحیم، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی واژۆکردنی رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دوا و ئەو رێککەوتنەی بە گرنگترین خاڵی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان وەسف کرد لە 32 ساڵی رابردوودا و گوتشی "رێککەوتنەکە هەتا ئەوکاتەیە کە یاسای نەوت و گاز دەردەچێت، چونکە ئەو یاسایە هەموو کێشەکان چارەسەر دەکات".  

 

 
سەبارەت بە دەستپێکردنی کاتی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، باسم عەوادی گوتی "پێشبینی دەکەم لەماوەی چەند رۆژی داهاتوو دەستپێبکاتەوە... ئەمە فەرمانێکی راستەوخۆ بوو لە بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە".
 
باسم عەوادی لەڕێگەی رووداوەوە باسی ئەوە دەکات لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە بەغدا چی بووە، دەڵێ "محەممەد شیاع سوودانی؛ راستەوخۆ بەڕێکەوت بەرەو کۆبوونەوەی چواردەیەمی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەغدا و بێگومان لەوێ پوختەیەکی لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ بەڕێز مەسرور بارزانی پێشکێشی وەزیرەکان کرد و یاداشتی رێککەوتنەکەی لەگەڵ بەڕێز مەسرور بارزانی خستەڕوو و بەوجۆرە وەزیرەکان لە وردەکاریی شتەکان ئاگادار کرانەوە ".
 
هەروەها دەڵێ سوودانی "بەڕێز وەزیری نەوتیشی راسپارد و گوتی هیوادارم هەتا سبەی یان دووسبەی یان لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمی داهاتوودا هەواڵم بدەیتێ کە دەستتان بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە. ئەمە فەرمانێکی راستەوخۆ بوو لە بەڕێز محەممەد شیاع سوودانییەوە و پشتیوان بە خوا پێشبینی دەکەم لەم چەند رۆژەی داهاتوو، ناتوانم بە دیاریکراوی بڵێم فڵان رۆژ، بەڵام فەرمان دراوە و رێککەوتن واژۆ کراوە، بۆیە دەتوانم بڵێم لەم چەند رۆژەی داهاتوو، دەبێت".
 
 
زریان رۆژهەڵاتی: ئەو کێشەیەی ماوە، تەکنیکییە نەوەک سیاسی
 
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو سەبارەت بە کاتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەڵێ "لەڕاستیدا رێککەوتنە سیاسییەکە کراوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئەوەش ئاستەنگە سەرەکییەکە بوو لە مەسەلەی هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی دەمێنێتەوە، رەهەندە تەکنیکییەکەیەتی کە پێدەچێت چارەسەر ببێت".
 
هەروەها دەڵێ "فاکتەریکی دیکەش هەیە، کە رەنگە خودی عێراق ئەوەندە خوازیار نەبێت بۆ خستنەڕووی نەوتی زۆر لە بازاڕدا بەهەمان شێوەی سیاسەتی وڵاتانی ئۆپێک کە دەیانەوێت نەوتی کەمتر بخەنە بازاڕەوە بۆ ئەوەی نرخەکەی دانەبەزێت. عێراق بڕیاری داوە رۆژانە 216 هەزار بەرمیل نەوت کەمبکاتەوە و پێموایە ئەوەی ماوەتەوە لەبەردەم (هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان) کێشەیەکی تەکنیکییە نەوەک کێشەی سیاسی". 
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە چوارشەممە، 5-4-2023 لە بەرپرسێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانی وەریگرتووە، "بە ئەگەری زۆرەوە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە".
  
رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک دوای بڕیارێکی دوو رۆژ پێشی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا، دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لەدژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند بەو بڕیارە پابەند دەبێت.