لە هەولێر بەرپرسێکی پارتی سۆسیال دیموکرات بریندارکرا
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان تەقەی لێکرا لە نزیک ماڵەکەی خۆی لە هەولێر و حیزبەکەشی داوا دەکات بەزووی تەقەکەرەکان بدۆزرێنەوە و دەستگیربکرێن.
بە رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی لە سەردانیکردنی بارەگای مەڵبەندەکەمان دەگەڕامەوە، نزیکی کاژێر 12:30ی بەرەبەیانی 6ی نیسان لە نزیک ناحیەی دارەتووی هەولێر دوو کەس بە ماتۆڕسکیلێک تەقەیان لێکردم و برینداریان کردم و چەندین گوللەشیان لە ئۆتۆمبێلەکەم دا”.
ئیبراهیم حەسەن گوتیشی، “گولەیەک بەردەستم کەوتووە، بەڵام برینەکەم سەخت نییە و چوومەتە نەخۆشخانە و چارەسەرم وەرگرتووە و تەندروستیم باشە، ئێستاش گەڕاومەتەوە ماڵەکەی خۆم”.
لەبارەی تەقەکەرەکان ئەو بەرپرسەی سۆسیالیست گوتی، “تەنیا ئەوەندەم بینیوە کە دوو کەس بوون و ماتۆڕیان پێبوو و تەقەیان کرد و زوو دوورکەوتنەوە و ئێستاش هێزە ئەمنییەکان دوای وەرگرتنی ئیفادەی من و زانیاری لەسەر رووداوەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە”.
هەروەها، دکتۆر فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت، “پێویستە هێزە ئەمنییەکانی هەولێر و ئاسایشی هەولێر بەزووی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن و ئەو دەستە ناحەزە بدۆزنەوە کە ویستوویانە زیان بە بەرپرسەکەمان بگەیێنن و بیکوژن”.
دکتۆر فەرهاد تۆفیق گوتیشی، “ئێمە نازانین ئەو دەستە کێبووە کە ئەو کارەی کردووە و چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانین، بەڵام هەر کەسێک بێت ویستوویەتی لەم کاتەدا ناکۆکییەکان زیاتر بکات و پێگە و ناوی پارتەکەمان ناشرین بکات، هەر بۆیە داوا دەکەین بەزووی بدۆزرێتەوە و بە سزای خۆی بگەیێندرێت”.
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە، رۆژی 4ی ئەم مانگە، لە گوڵەخانە کۆنگرەی پارتی سۆسیال دیموکرات بەڕێوەچوو و تێیدا محەممەد حاجی مەحموود بە سەرۆکی حیزب و عەبدوڵڵا حاجی مەحموود و چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی دیکە دەرکران.
ئێوارەی هەمان رۆژ، لە گوڵەخانە شەڕەتەقە دروستبوو، کە دواتر ئاسایشی سلێمانی گوتی، لە شەڕەکەدا کەسێک کوژراوە و چواری دیکەش بریندار بوون.
ئەو کەسەی کوژرا ناوی دابان عوسمان بوو، بەپێی زانیارییەکان، پاسەوانی کچێکی محەممەد حاجی مەحموود بوو.