پلانی ئەمنیی کەرکووک بۆ رۆژانی کۆتایی رەمەزان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
پلانی ئەمنیی کەرکووک تایبەت بە رۆژانی کۆتایی مانگی رەمەزان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو کۆتایی جەژن بەردەوام دەبێت. پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، هیچ هەڕەشەیەکی ئەمنی نییە. 
 
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە 6ـی نیسانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پۆلیسی کەرکووک پلانێکی ئەمنیی تۆکمەی بۆ شەوانی قەدری مانگی رەمەزان داناوە و پلانەکەش تاوەکو کۆتایی جەژن بەردەوام دەبێت.
 
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک گوتی، "پلانەکە لە شەوی رابردووەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تێیدا هێزەکانی پۆلیس لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بڵاوبوونەتەوە. ئێستا کە لە جەژن نزیکبووینەتەوە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان قەرەباڵخن و پۆلیس دەیانپارێزێت؛ بۆ رۆژانی جەژانیش هێزەکانمان لە پارک و شاری یاری و شوێنە گشتییەکان بڵاودەبنەوە و ئاسایشی نێو شار دەپارێزن".
 
عامر نووری راشیگەیاند، ئاسایشی نێوشاری کەرکووک پۆلیسی خۆجێیی دەیپارێزێت و ئاسایشی دەرەوەی شاریش لەلایەن سوپا و پۆلیسی فیدراڵییەوە دەپارێزرێت. 
 
سەبارەت بە هەبوونی هەڕەشەی ئەمنی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی، "هیچ هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ ئەم شەوانە و رۆژانی جەژن نییە. لە رۆژانی رابردوودا باندێک دەستگیرکرا کە بەنیازی کردەوەی تیرۆریستی بوون لە شارەکەدا".
 
عامر نووری رۆژی 4ـی نیسانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزێکی نووسینگەی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک و بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و ئاسایشی کەرکووک، پاڵپشت بە زانیاریی وردی هەواڵگری ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان ئەنجامدا و "تیرۆریستێکیان بەناوی (ئـ.،م.ئ.) لەنێو شاری کەرکووک دەستگیرکرد". 
 
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، دەستگیرکراوەکە خەڵکی شاری موسڵ و ئەندامی داعش بوو؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە ئەو کەسە زانیاری لەبارەی بنکەی پۆلیس و پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکانی کەرکووک کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بکرێنە ئامانڤ، بەنیازیش بووە هەندێک مادە و کەرەستە بکڕێت کە لە دروستکردنی بۆمبدا بەکاردێن بۆ ئەوەی لە 10 شەوی کۆتایی مانگی رەمەزاندا لە کەرکووک و موسڵ بەکاریان بێنێت و کردەی تیرۆریستی بکات".
 
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک باس لەوە دەکات، دوای بەدواداچوونی وردی مەیدانی، ئەندامانی دیکەی باندەکەیان دەستگیرکردوون.