کشتوکاڵی کەرکووک بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا: گرێبەستە هەڵوەشاوەکان نوێ ناکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک وەڵامی داواکارییەکی ئەنجوومەنی پارێزگای دایەوە و رایگەیاند، پرسی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەسەڵاتێکی "سەروەری و ناوەندییە"؛ جەختیش دەکاتەوە کە ئەو گرێبەستانەی پێشتر لەلایەن "لێژنەی کاروباری باکوور"ەوە واژۆکراون، بە هەڵوەشاوە دادەنرێن و مافی نوێکردنەوەیان نییە.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک کە رۆژی 05-04-2026 بە واژووی زوهێر عەلی حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کراوە و وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، تێیدا چەند خاڵێک سەبارەت بە کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان روونکراوەتەوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "بابەتی زەوییە کشتوکاڵییەکان پرسێکی ناوەندییە و بە دیاریکراوی تایبەتە بە وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمەش پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە 132ی ساڵی 2023ی دادگای فیدراڵی."
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی کێشەیان لەسەرە، کشتوکاڵی کەرکووک ئاماژە بە نووسراوێکی سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران و لێژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور دەکات و دەڵێت: "سەرجەم ئەو گرێبەستە کشتوکاڵییانەی لە پارێزگای کەرکووک بەپێی بڕیارەکانی (لێژنەی کاروباری باکوور - هەڵوەشاوە) واژۆکراون، بە هەڵوەشاوە دادەنرێن و وەزارەتی کشتوکاڵ مافی نوێکردنەوەیان پێنادات."
بەڕێوەبەرایەتییەکە جەخت دەکاتەوە، کە ئەوان تەنیا لایەنێکی جێبەجێکارن و پابەندن بەو فەرمان و رێنماییانەی لە وەزارەتی کشتوکاڵەوە بۆیان دەردەچێت.
ئەم وەڵامەی کشتوکاڵی کەرکووک دوای ئەوە دێت کە ئەندامێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگا بەناوی زاهیر ئەنوەر عاسی، لە رێگەی سەرۆکی ئەنجوومەنەکەوە داوای کردبوو رێکارەکانی هەڵوەشانەوەی گرێبەستەکانی عەرەبی هاوردە رابگیرێت.
عەبدوڵڵا میرەیس، سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاری هەڵوەشانەوەی ئەو گرێبەستانە لەلایەن لێژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140 بە سەرۆکایەتی هادی عامری دراوە، کە ئەوەش لە بەرژەوەندیی جووتیارانی کورد و تورکمانە.
سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵ کە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر نووسراوێک ئەندامانی ئەنجوومەن بیکەن، دەبێت لە رێگەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەوە ئاراستەی فەرمانگەکان بکرێت و کشتوکاڵی کەرکووکیش بەپێی یاسا و رێنماییە ناوەندییەکان وەڵامی داوەتەوە.
کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە کەرکووک یەکێکە لە پرسە ئاڵۆزەکانی نێوان جووتیارانی کورد، تورکمان و عەرەبی هاوردە، کە مێژووەکەی بۆ بڕیارەکانی رژێمی پێشوو دەگەڕێتەوە کاتێک بە هەزاران دۆنم زەویی خاوەنە رەسەنەکانی ناوچەکە بە گرێبەست درانە عەرەبی هاوردە.