زیاتر لە 800 پێشمەرگەی کەمئەندام لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە مووچەیان وەرنەگرتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 3200 پێشمەرگەی کەمئەندام مووچەی مانگی 10ی پاریان وەرنەگرتووە؛ زیاتر لە 800 ئەندامی دیکەیان لە مانگی 10ی پارەوە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە. بەرپرسێکی کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر دەڵێت، "ئەم مانگە هەموویان یەکی یەک مووچە وەردەگرن."
 
نەسرەدین محەممەد، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ 3287 ئەنداممان کە دۆسیەکەیان تەواوکراوە مووچەی مانگی 10یان وەرنەگرتووە، بەڵام مووچەی مانگەکانی یەک و دوویان بۆ خەرج کراوە و وەریانگرتووە."
 
جێگری سکرتێری کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر گوتی، "بەڵێن دراوە مووچەی مانگی 10مان پێبدرێ، بەڵام نەوەک لەگەڵ مووچەی مانگی سێ، بەڵکو مانگەکانی داهاتوو. هەندێک جاریش دەڵێن بەغدا خەرجی ناکات تاوەکو بودجەی نوێ پەسند نەکرێت."
 
نەسرەدین محەممەد ئاماژەی بە کێشەی بەشێکی دیکە لە پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر کرد و گوتی، "نزیکەی 800 ئەنداممان ماون تاوەکو ئەمڕۆ بە پاساوی ئەوەی دۆسیەکەیان نەخراوەتەسەر وەزارەتی دارایی و دواکەوتووە، هیچ مووچەیەکیان لە مانگی 10ی پارەوە وەرنەگرتووە."
 
هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی مووچەی پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر ئەوەیە، نزیکەی 9 هەزار کەسن و لە یەکەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە دۆسیەکانیان خراوەتە سەر وەزارەتی دارایی و مامەڵەکانیان دواکەوتوون.
 
جێگری سکرتێری کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر ئاماژەی بەوە کرد، "بڕیارە ئەم مانگە ئەو 800 کەسەمان مووچەی مانگێک وەربگرن. مووچەکانی رابردوویان هێشتا دیار نییە کەی خەرج دەکرێت."
 
بە گوتەی نەسرەدین محەممەد، بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر هێڵن بۆ گەڕانەوەی مووچەی ئەندامەکانیان و گوتی، "هەموو رێگەیەک دەگیرینەبەر بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانمان".
 
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، 12ـی ئادار لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "وەک بەرچاو روونییەک بۆ هەموو لایەک، زیادکردنی ناوی فەرمانبەر یان خانەنشین یان هەر مووچەخۆرێک لە لیستی مووچەی مانگانە پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم[ـی کوردستان]ـەوە نییە، بەڵکو ئەو رێکارە پەیوەستە بە وەزارەت و یەکە ژمێریاریەکانی دەرەوەی وەزارەتی دارایی."
 
وەزارەتی دارایی دوو خاڵی وەک "روونکردنەوە" دانابوو کە ئەمانە بوون:
 
1- ئەو خانەنشینانە کە ناویان لە لیستی مووچەی مانگی شوبات نییە، ژمارەیان لە 801 کەسە و کەمئەندامی سەنگەرن کە پێشتر لەسەر هێزەکانی 70 مووچەیان بۆ خەرج کراوە، لە چوارچێوەی بڕیاری گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینانی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی، بەهۆی تەواو نەبوون و پەسەندنەکردنی دۆسییەکانیان نەتوانراوە لە مانگی شوباتدا بخرێنەوە نێو لیستی مووچە، کاتێک لیستی مووچە و دۆسیەکانیان گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە لە وەزارەتی دارایی، لیستی مووچەی مانگی شوبات لەبەغدا بووە".
 
2- لەکاتی وردبینی لە دۆسیەی ئەو خانەنشینانە دەرکەوتووە بەشێکی زۆریان (upn)یان نەبووە و بەشێکیشیان وارسن و مامەڵەی وارسیان بۆ نەکرابوو، دوای ئەنجامدانی وردبینی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە 750 خانەنشینیان دۆسیەکانیان پەسەند کراوە و لە لیستی مووچەی مانگی ئادار لە سیستمی پەیڕۆڵ داخڵ کراونەتەوە و مووچەیان بۆ بەستراوەتەوە، هەر مووچەخۆرێکیش (upn)ی نەبێت ناتوانرێت داخڵی سیستمی پەیڕۆڵ بکرێت کە لە ئێستادا لیستی مووچە بەو سیستەمە ئامادە دەکرێت".
 
وەزارەتی دارایی لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا رایگەیاندووە: "شایستەی مووچەی سەرجەم ئەو خانەنشینانەی کە لە چەند مانگی رابردوو مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ دڵنیایی داوە کە ئەو مووچانە وەک شایستەیەک دەمێنێتەوە تاوەکو کاتی پەسەندکردنی بودجە و دواتر هەمووی بەسەریەکەوە خەرج دەکرێتەوە."