کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی بۆ رووداو: لەگەڵ دەسەڵات و خەڵکی هەرێمی کوردستان دژبەریمان نییە
رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی دەڵێ، ئاسایشی وڵاتەکەی "هێڵی سوورە" و هەر جێگەیەک لە ناوچەکەدا، ئەمریکییەکان، ئیسرائیلییەکان یان هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێرانی لێبێت، بە "ئامانجی رەوا" بۆ هێرشەکانیان دادەنرێ.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، محەممەد میر حوسەینی، کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە سلێمانی لە وەڵامی پرسیارێکی ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو سەبارەت بە هۆکاری بەردەوامیی هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان گوتی: "جیاوازی نییە لە کوێن، لە هەر کوێ بن، لەم ناوچەیە بن، لە قەتەر، بەحرێن، کوێت یان هەرێمی کوردستان بن، هەر شوێنێک ئەمریکا، یان ئەو کەسانەی دەستوەردان دەکەن، یان رژێمی زایۆنی و گرووپە دژبەرەکانی ئێرانی لێبێت، ئامانجی رەوای ئێمەن."
میر حوسەینی گوتی، ئەو هێرشانە "بۆ بەرگریکردنە لە خۆمان" و وەک ئەو دەڵێت، مەبەست لێیان دژایەتیکردنی خەڵک یان هەرێمی کوردستان نییە.
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، بەگوێرەی نوێترین ئاماری تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژانە تۆماری دەکات، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە هەرێمی کوردستان بە 671 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری.
یەکێک لەو هێرشانە 24ی مانگی رابردوو بوو بۆ سەر سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر. بەگوێرەی وەزارەتی پێشمەرگە، هێرشەکە لەلایەن ئێرانەوە بە 6 مووشەک کرا و لە ئەنجامدا، 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە سلێمانی:
رووداو: حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانە لەو هێرشانە، چ ئێران، چ بەرەی موقاوەمە دەیانکەنە سەر هەرێمی کوردستان و سلێمانیش. پرسیارەکە ئەوەیە هێزەکانی ئەمریکا لە سلێمانی نین، حیزبەکانی رۆژهەڵاتیش تا رادەیەک بێلایەنییان هەڵبژاردووە. بۆچی هێرشەکان بەردەوامن؟
محەممەد میر حوسەینی: ئاساییشی ئێمە هێڵی سووری ئێمەیە. هەر شوێنێک کە ئەمریکا، یان ئەو کەسانەی دەستوەردان دەکەن، یان کەسانی کردەی ئەمریکا یان رژێمی زایۆنی لێبێت، یان گرووپەکانی دژبەر و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی تێدا بێت، کە بە شێوەی سەربازی هەبن یان نییەتی سەربازییان هەبێت، ئامانجی رەوای ئێمەن. جیاوازی نییە لە کوێن، لە هەر کوێ بن، لەم ناوچەیە بن، لە قەتەر بن، لە بەحرێن یان کوێت بن، یان لە هەرێمی کوردستان بن، لە هەر شوێنێک بن، ئامانجی رەوای ئێمەن. ئێمە خەریکی بەرگری رەوای خۆمانین. روونیشە ئێمە دژی یەکێتی خاک و سەروەری هیچ کام لەم وڵاتانە نین، هیچ جۆرە دیدێکی نەرێنیمان نییە و بە فەرمی دانیان پێدا دەنێین و بە رێزەوە سەیریان دەکەین. بە ئاشکراش بە هەمووانمان گوتووە کە ئەمنییەتی ئێمە هێڵی یەکەمی ئێمەیە. ئەمریکییەکان لە هەر شوێنێک بن، تەنانەت لە هەرێمی کوردستان، ئەمریکییەکان و ئەندامانی رژێمی زایۆنی، لە هەر کوێ بن، چ لە هەرێمی کوردستان بن یان هەر شوێنێکی دیکە، لەنێو ئامانجی رەوای ئێمەدان، لە ژێر ناونیشانی بەرگریی رەوا. ئێوە سەیری قسەکانی رۆژی رابردووی سەرۆکی ئەمریکا بکەن، رەنگە تازەترین [دوایین ئەپدەیت] بێت کە خستوویەتییەڕوو. بە روونی پەیوەندییەکی دروستکرد لەنیوان دژبەران و ئەو کەسانەی کە دژی ئەمنییەتی وڵات دەجووڵێنەوە، لەنێوان چەک و کوردەکان پەیوەندییەکی دروستکرد. سیاسەتی بنەڕەتی ئێمە بریتییە لە دراوسێیەتیی باش، هەروەها پەیوەندی تووندوتۆڵتر لەگەڵ دراوسێکان، بە تایبەت ئەو دراوسێیانەی ئێمە کە پەیوندییەکی زۆر دێرین و مێژوویمان هەیە، وەک ئێرە [مەبەستی هەرێمی کوردستانە]. بە هیچ جۆرێک ئەگەر هێرشێک بکرێت، ئەگەر ئەو هێرشانە لەلایەن ئێمەوە بکرێن، ئەمە بە هیچ جۆرێک مانای ئەوە نییە کە ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێرە یان خەڵکی ئێرە دژبەریمان هەیە، بەڵکو ئەوە کردەیەکە بۆ بەرگریکردن لە خۆمان لە بەرانبەر دژبەرانی چەکدار یان لەبەرانبەر ئەمریکییەکان و رژێمی زایۆنی.
رووداو: دۆناڵد ترەمپ دەڵێت چەکمان داوە بە کوردەکان، بەڵام ناڵێت کام کوردانە. حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەڵێن ئێمە چەکێکمان پێیە، هی پێش 30 بۆ 40 ساڵە. پاساوەکان [بۆ هێرشەکان] چین لە کاتێکدا حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بێ لایەنن، ئەمریکییەکانیش لە سلێمانی نین؟
محەممەد میر حوسەینی: ئەو دەستنیشانکردنەی کە ئەمریکییەکان لە کوێن و لە کوێ نین، ئەوە لە دەستی ئەو کەسانەیە کە ئەرکدارن و شارەزاییان هەیە کە ئەوە دەستنیشان بکەن و شوێنپێیان هەڵبگرن.