فرۆشتنی مریشکی بێ ستیکەر لە هەولێر قەدەخە کرا؛ 'مریشکی تورکی و ئێرانی بە ناوی تازە دەفرۆشرێن'

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر "جۆرە فێڵێک" لە بەشێک لە مارکێتەکان ئاشکرا دەکات، کە تێیدا مریشکی بەستووی دەرەکی بە ناوی مریشکی تازە (فرێش) بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێ و دەڵێت، "فرۆشتنی هەر مریشکێکی بێ ستیکەر و بێ رێککەوت، قەدەخە کراوە و سەرپێچیکاران سزا دەدرێن."
 
رۆژی دووشەممە 6ی نیسانی 2026، سەید هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دۆخێکی نەخوازراو و فێڵکردن لە بازاڕەکاندا دروستبووە. هەندێک کەس بە نایاسایی مریشکی بەستووی تورکیا و ئێران دەهێنن، لە زەرفەکەی دەری دەهێنن و دەیخەنە نێو قاپێکی سەفەری و بە نایلۆنێکی شەفاف دایدەپۆشن، دواتر لە مارکێتەکان بەناوی مریشکی تازەی نێوخۆ و تازە سەربڕاو بە هاووڵاتییانی دەفرۆشن."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ئەم کارە ناوبانگی پڕۆژە نێوخۆییەکان خراپ دەکات، "چەندین پڕۆژەی سامانی ئاژەڵ و سەربڕخانە لای ئێمە سکاڵایان تۆمار کردووە، کە بە ناوی ئەوانەوە لە چەندین مارکێت ئەو فێڵە کراوە و مریشکی بەستوو بەناوی بەرهەمی ئەوانەوە فرۆشراوە."
 
لەبارەی رێکارەکان بۆ رێگریکردن لەو فێڵە، هێمن سەید موراد دەڵێ، "بڕیارمان دا فرۆشتنی هەموو جۆرە مریشکێکی ئامادەکراو کە بێ ستیکەر بێت و رێککەوتی بەرهەمهێنان و شێوازی فرۆشتنی دیار نەبێت، قەدەخە بکەین. ئەم جۆرە مریشکە زیانی زۆرە، چونکە هاووڵاتی نازانێت کەی ئامادەکراوە و ماوەی بەسەرچووە یان نا."
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر هۆشداری دا و رایگەیاند، "هەر کەسێک سەرپێچی ئەم بڕیارە بکات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە. بۆ رێکخستنی زیاتری ئەم بابەتە و گرتنەبەری رێکاری تووندتر، ئەمڕۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆدەبینەوە."
 
لە هەرێمی کوردستان، خواستی زۆر لەسەر مریشکی زیندووە بەراورد بە بەستوو. بۆ دابینکردنی مریشکیش هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن. وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "بەرهەمی هەرێمی کوردستان دەتوانێ بازاڕەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراقیش پڕبکاتەوە."
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان بەخێودەکرێن، کە بەرهەمەکەیان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتە.
 
ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان:
 
- سلێمانی: 727 پەلەوەرخانە
- هەولێر: 576 پەلەوەرخانە
- دهۆک: 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە: 35 پەلەوەرخانە