ئاماری نوێ؛ هەرێمی کوردستان بە 671 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی نوێترین ئاماری تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژانە تۆماری دەکات، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە، هەرێمی کوردستان بە 671 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی رووداو، لە 24 کاژێری رابردوودا بە 21 درۆن هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان؛ 17یان بۆسەر هەولێر و کۆیە بوون و چوارەكەی دیکەش بۆسەر سلێمانی.
ئاماری هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
- پارێزگای هەولێر: 533 درۆن و مووشەک
- پارێزگای سلێمانی 111 درۆن و مووشەک
- پارێزگای دهۆک: 25 درۆن و مووشەک
- پارێزگای هەڵەبجە: 2 درۆن
نوێترین ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان:
• نزیك كاژێر 11:00ی شەوی رابردوو، بە درۆنێك و مووشەكێك هێرش كرایە سەر كەمپی ئازادی لە قەزای كۆیە لە پارێزگای هەولێر.
• لە كاژێر 12:00 بۆ 1:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بە چوار درۆن هێرش كرایە سەر كەمپی ئازادی لە كۆیە.
• لە كاژێر 12:00 بۆ 1:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بە دوو درۆن هێرش كرایە سەر بارەگای حیزبێكی رۆژهەڵاتی كوردستان لە یەكێك لە گەڕەكەكانی سلێمانی. حیزبەکە رایگەیاند پێشتر بارەگاکەیان چۆڵ کردبوو و زیانی گیانی نەبووە.
• نزیك كاژێر 2:30ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، درۆنێك لە ئاسمانی ناحیەی شەمامك لە سنووری هەولێر تەقێندرایەوە.
• نزیك كاژێر 2:40ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، دوو درۆن لە ئاسمانی هەولێر تەقێندرانەوە.
• بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەنگی دوو تەقینەوە بیستران؛ روون نییە درۆن بووە یان مووشەك.
• ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە، درۆنێك لە ئاسمانی گوندێكی گەرمیان تەقییەوە و زیانی گیانی نەبووە.
• نزیك كاژێر 6:00ی ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە، دەنگێكی بەهێز لە سنووری سلێمانی بیسترا و تا ئێستا دیارنییە مووشەك بووە یان درۆن.
• كاژێر 10:20 بۆ 11:00ی شەوی رابردوو، حەوت درۆن لە ئاسمانی هەولێر خرانە خوارەوە.
قوربانیی هێرشەکان
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 93 کەسیش بریندار بوون.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، شەشیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون، هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 30ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن، یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون؛ هەروەها دوو قوتابی لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر بریندار بوون و 31ـی ئادار سێ مێردمنداڵی دیکە لە هەولێر بریندار بوون.
بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
پارێزگای هەولێر
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: گوندی کێشکە، دۆڵی مەلەکان، هەریر، کانی قرژاڵە، بالیسان، خەبات، ناحیەی رزگاری، سپیلک، مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، نووسەران، هەڤاڵان، کارێزان، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگای سلێمانی
سلێمانی، گوندی شێخ وەیساوا، گردی ریعایە، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ، سنووری ئاکرێ، سنووری ناحیەی بجیل، سنووری قەزای بەردەڕەش و گەڕەکی ماڵتا لە شارەکە. هەروەها سێ درۆنی دیکە لە کێڵگەی نەوتی چەمانکێ کەوتنە خوارەوە و لە سنووری ئامێدیش 3 درۆن کەوتوونەتە خوارەوە.
هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە لە یەک هێرشدا بە دوو درۆن بۆردوومان کراون.