کەشناسی: تاوەباران و هەورە برووسکە زۆربەی ناوچەکانی باشووری کوردستان دەگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. شارەزایەکی کەشوهەواش هۆشداری دەدات لەوەی رۆژی سێشەممە ئەگەری تەرزە هەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان کەشوهەوای ئەمڕۆ دووشەممە 6ی نیسانی 2026ی بڵاوکردەوە و دەڵێ، "ئاسمانی هەرێمی کوردستان نیمچە هەور دەبێت، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە تاوەکو ئێوارە تاوەباران و برووسکەی بەهاری ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە کە کاریگەرییەکەی لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت."
لەبارەی کەشوهەوای سبەی سێشەممە، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی ناجێگیریی بەرگی هەواوە، ئاسمان دەگۆڕێ بۆ هەوری تەواو؛ لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە تاوەباران و برووسکە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تاوەکو کاتەکانی ئێوارە بەردەوام دەبێت، لە درەنگانی شەویشدا کاریگەرییەکەی بە شێوەی نمەبارانی پچڕپچڕ دەمێنێتەوە.
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشوهەوا لەبارەی گۆڕانکارییەکانی چەند رۆژی داهاتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ سبەی سێشەممە پێشبینی چەندین رێژنەبارانی بەهێز دەکرێ. شەپۆلەکە لە دەوروبەری نیوەڕۆ لە ناوچەکانی رۆژئاوا و بادینانەوە دەستپێدەکات و دواتر زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە. ئەگەری بارینی تەرزە هەیە."
ئەو شارەزایەی کەشوهەوا ئاماژەی بە بەردەوامیی شەپۆلەکە دا و گوتی، "رۆژی چوارشەممە لە دوای نیوەڕۆوە ئەگەری دروستبوونەوەی گەوارە هەور و رێژنەبارانی پچڕ پچڕ هەیە، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان. رۆژی پێنجشەممە شەپۆلێکی بەهێزی بەفر و باران تورکیا دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێ پاشماوەی بارانەکەی بگاتە هەرێمی کوردستان و لە ناوچە شاخاوییەکانی بادینان بەهێزتر بێت."
بە گوتەی د. لوقمان موفتی، رۆژی هەینیش ئەگەری نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکان دەمێنێتەوە و پلەی گەرماش بە گشتی نزمتر دەبێت لەچاو ئەم کاتەی ساڵدا، بەڵام زۆر سارد نابێت.
هاوکات ئاسۆ کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو، کەشوهەوا بە ناجێگری دەمێنێتەوە. پلەی گەرما بە جێگیری دەمێنێتەوە، بەڵام لە کۆتایی هەفتەدا کەمێک بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت."
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بە پلەی سیلیزی:
هەولێر 17: پلەی سیلیزی
پیرمام 14: پلەی سیلیزی
سۆران 14: پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران 6: پلەی سیلیزی
سلێمانی 15: پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ 16: پلەی سیلیزی
دهۆک 14: پلەی سیلیزی
زاخۆ 15: پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 16 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 20 پلەی سیلیزی