حاكم گۆران پێش خۆكوشتنی: دەمەوێ‌ لە شوێنێك بژیم هێڵی ئینتەرنێتی لێ‌ نەبێ‌

رووداو - دهۆك

دوای جێبەجێكردنی پلانەكانی دیكەی، چوار رۆژ بەر لەوەی خۆی بكوژێ‌، پەیوەندی بە (رووداو)ەوە كرد و گوتی كە پلانی هەیە لە ئەشكەوتێك دوور لە تەكنەلۆژیا بژی، چونكە تەواو بێزار بووە لە كۆمێنتی ناشیرینی خەڵك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەڵام لە رێگەی تەكنەلۆژیاوە هەموو خەڵكی كوردستان بە مەرگی ئەویان زانی.

دوای گشتپرسیی خەڵكی باشووری كوردستان لە 25ی ئەیلوولی 2017 ، سوبحی عەبدال، ناسراو بە حاكم گۆران لە هۆڵەندا گەڕایەوە كوردستان و چووە سەر چیای بوتیا لە دەڤەری دۆسكی لە دهۆك. 

ئەو لەوێ‌ بڕیاری دابوو بە تەنیا لە نێو كابینەیەك بژی و تاوەكو باشووری كوردستان سەربەخۆیی رانەگەیەنێ‌ لە چیاكە نەیەتە خوارەوە. 

حاكم گۆران دوای ماوەیەكی زۆر بڕیاری دا لە چیا بێتە خوارەوە، پاشان دووبارە گەڕایەوە سەر چیا و ئەمجارەیان لە پاڵ سەربەخۆیی، دروشمی یەكڕیزی و چاكسازیشی زیاد كرد. حاكم گۆران كە بەمدواییە لە پێناو جێبەجێكردنی دروشمەكانی لە چیا هاتبووە خوارەوە، لە دهۆكەوە بەپێ‌ سەردانی هەولێر و سلێمانی كرد، بۆ ئەوەی سەركردەی باڵای پارتە سیاسییەكان ببینێ‌ و داوای چاكسازی و یەكڕیزیی نێو ماڵی كوردیان لێ‌ بكات، بەڵام هیچ لایەك دەرگایان لێنەكردەوە.

دوای بێئومێدبوونی، شەوی 30ی نیسانی 2019 حاكم گۆران لە رێگەی لایڤی فەیسبووكەوە لەسەر چیای دشێشێ‌ لە قەزای ئامێدی، دەستڕێژی گوللەی لە خۆی كرد و 10 سەعات دواتر لە نەخۆشخانەی گشتیی ئاكرێ‌ گیانی دەرچوو.  

ئەو ئەگەرچی سێ‌ سەعات پێشتر هەڕەشەی خۆكوشتنی كردبوو، بەڵام كەسوكارەكەی دەڵێن هیچ لایەنێكی ئەمنی گوێیان بە هەڕەشەكانی نەدا و بەهانایەوە نەچوون. هەروەها گلەیی ئەوەش دەكەن كە بەرپرسانی سیاسی و ئیداری ناوچەكە بەشدارییان لە پرسەكەیدا نەكرد.

رەجەب سەڵاح كە برازای حاكم گۆرانە، دەڵێت: "مامی من 13 ساڵ پێشمەرگە بوو، بەمدواییەش بە ئامانجی خزمەتكردنی گەلەكەی گەڕایەوە كوردستان، بەڵام بەداخەوە كەس گوێی لێنەگرت. كە مردیش هیچ بەرپرسێك نەهاتە پرسەكەی".

مازن محەممەد سەعید، قائیمقامی قەزای ئاكرێ سەبارەت بە بەشدارینەكردنی لە پرسەی حاكم گۆران گوتی: "ئەو رۆژەی ئەو مرد، من لە دەرەوەی وڵات بووم، بۆیە نەمتوانی بەشداری پرسەكەی بكەم، بەڵام بەرپرسانی دیكەی حیزبی و حكومی لە ئاكرێ‌ بەشدارییان لە پرسەكەیدا كردبوو".
ئەوكاتەی حاكم گۆران تەقەی لە خۆی كرد، رەجەب یەكەم كەس بوو گەیشتە سەری، پێیوایە مامی ئەو بووە قوربانی پەرتەوازەیی نێو ماڵی كورد، بەڵام دەڵێت ئەوان درێژە بە "رێباز"ەكەی دەدەن و وەسیەتەكانی جێبەجێ‌ دەكەن.

حاكم گۆرانی پلانی دیكەی هەبوو

چوار رۆژ بەر لەوەی خۆی بكوژێ‌، حاكم گۆران پەیوەندی پێوەكردم و گوتی حەز دەكات (رووداو) ئاگاداری پلانی داهاتووی بێ. حاكم گۆران گوتی: "زۆر بێزارم لەو ژیانەی ئێستام، دەمەوێ‌ بچمە ئەشكەوتێك لە سنووری ئاكرێ‌، دوور بێت لە هێڵی ئینتەرنێت، لەوێ‌ لەگەڵ سروشت و گیانەوەران بژیم". 

گوتیشی: "هەر كاتێك چووم بۆ ئەو شوێنە ئێوە ئاگادار دەكەمەوە. بڕیارم داوە تاوەكو مردن یان تا ئەو كاتەی كوردستان دەبێتە دەوڵەت لەو شوێنە بژیم".

حاكم گۆران لە قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە یەكێك لە هۆكارەكانی جێهێشتنی ئاوەدانی قسەی خەڵكە "بەڕاستی تەواو بێزار بووم لە كۆمێنتی خەڵك، كەسانی ئاستنزم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان قسەی نەشیاوم پێدەڵێن، هەر بۆیە دەچمە شوێنێك ئینتەرنێتی لێ‌ نەبێ‌". 

عەقید رەشید محەممەد بێداوی، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئاكرێ، دەڵێت ئەوان ئاگادار بوون كە حاكم گۆران لە فەیسبووك هەڕەشەی خۆكوشتنی كردبوو، بەڵام نەیاندەزانی شوێنەكەی لە كوێیە، ئەگەرنا فریای دەكەوتن.

عەقید رەشید گلەیی لە كەسوكاری حاكم گۆران كرد و گوتی: "كەسوكاری و ئەوانەشی چووبوون بۆ رزگاركردنی ئێمەیان ئاگادار نەكردبووەوە، بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئێمەیان لەگەڵ بووایە، دەمانتوانی رزگاری بكەین".