توێژینەوەیەک: پار 10 تۆن خۆڵ لە هەولێر باریوە و ئەمساڵیش زیاتر دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی رووپێوان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەڵێت: ئەمساڵ شەپۆلەکانی خۆڵبارین لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە هەولێر زیاتر دەبن بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو. لەلایەک کەمیی رێژەی باران و لەلایەکی دیکە ئەوەی کە هەولێر کەوتووەتە سەر رێڕەوی خۆڵبارین لەنێوان عێراق و باشووری رۆژئاوای دەریای ناوەڕاست بە هۆکار دەزانێت.
د. رێبین سەمەد، سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی رووپێوان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باسی لە هۆکاری زیادبوونی شەپۆلەکانی خۆڵبارین لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە پارێزگای هەولێر کرد و گوتی: عێراق وابەستەی کەشوهەوای باکووری رۆژئاوای دەریای ناوەڕاستە، هەولێریش لەرووی جوگرافییەوە لەژێر کاریگەریی پاڵەپەستۆی خۆڵبارینی عێراقە و رێڕەوێکە بۆ تێپەڕینی شەپۆلی خۆڵی بەرەو عێراق، ئەمەش وای کردووە کاریگەریی خۆڵبارین زیاتر لەسەر سەنتەری پارێزگای هەولێر دەربکەوێت بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
"41٪ خاکی بیابانی"
سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی رووپێوان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر باس لە کەمبوونەوەی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات بەراورد بە ساڵانی رابردوو و دەڵێت: ساڵی رابردوو لە سەنتەری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 500 ملم باران باریوە، بەڵام ئەمساڵ تاوەکو ئێستا رێژەی بارانبارین کەمترە لە 150 ملم و بە شێوەیەکی رێژەیی نزیکەی 70٪ باران کەمتر باریوە بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمەش یەکێکە لە سەرەکیترین فاکتەر و هۆکارەکانی شەپۆلی خۆڵبارین.
"ئێستا 41٪ی خاکی عێراق بیابانە، هاوکات بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ساڵ بە ساڵ رێژەی دارخوورما لە عێراق کەمدەبێتەوە، کەمبوونەوەی بارانبارین و سەوزایی راستەوخۆ کاردەکەنە سەر زیادبوونی شەپۆلەکانی خۆڵبارین" د. رێبین سەمەد وای گوت.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی رووپێوان، ئەگەر رێکاری بەپەلە نەگیرێتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە عێراق ئەوا دیاردەی بەبیابانبوون هەڕەشە لە بەشی زۆری خاکی کشتوکاڵی و ناوچە ئاوەدانەکانی عێراق دەکات و دەڵێت: جگە لە زیانی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ، خۆڵبارین نەخۆشی و ئافاتە کشتوکاڵییەکان زۆر زیاتر دەکات و ئەو خاکانەی کە بۆ کشتوکاڵ گونجاون دەیانگۆڕێت بۆ خاکێکی وشک کە چیتر بەکەڵکی چاندن نەمێنن و ببنە بیابان.
"بارینی 10 تۆن خۆڵ لە هەولێر"
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی رووپێوان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر باسی لە نێوەڕۆکی توێژینەوەیەکی خۆی لەبارەی خۆڵبارین لە هەولێر کرد و گوتی: دوو جۆر خۆڵبارین هەن، خۆڵبارینێکیان شەپۆلی تووندە و هەولێر دەگرێتەوە وەکو ئەوەی لەم رۆژانە تۆمارکراوە و جۆرێکی دیکەی خۆڵبارین تەنیا نیشتنەوەی خۆڵە نەوەک راستەوخۆ بەرکەوتن بە شەپۆلەکە کە ئەوجۆرەیان زیانی کەمترە و کاریگەرییە خراپەکانیشی کەمترن.
"ساڵی 2024 هیچ شەپۆلێکی راستەوخۆی خۆڵبارین بەر هەولێر نەکەوتووە و ئەوەی هەبووە تەنیا نیشتنەوەی خۆڵ بووە لەسەر هەولێر، بەوجۆرەش لە ساڵی 2024دا (10 تۆن) خۆڵ لە هەولێر باریوە، بەڵام ئەمساڵ کە هێشتا نەگەیشتووینەتە ناوەڕاستی ساڵ 9 شەپۆلی خۆڵبارینی راستەوخۆ لە هەولێر تۆمارکراون و پێشبینیی دەکرێت ژمارەیەکی زۆری دیکەی شەپۆلی خۆڵبارین بەر هەولێر بکەون بەتایبەت لە مانگی (ئاب)" د. رێبین سەمەد وای گوت.
گوتیشی: بەپێی ئەوەی لە توێژینەوەکانیان دەرکەوتووە گەڕەکەکانی باشوور و باشووری رۆژئاوای سەنتەری شاری هەولێر زۆرترین کاریگەریی شەپۆلەکانی خۆڵبارینیان لەسەرە بەراورد بە گەڕەکەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی شارەکە.
"بە دیاریکراوی لە هێڵی کەرکووک – هەولێر، تاوەکو دەگاتە هێڵی موسڵ – هەولێر و ئەو گەڕەکانەی دەکەونە نێوان ئەو دوو هێڵە زۆرترین کاریگەریی شەپۆلەکانی خۆڵبارینیان لەسەرە، هەربۆیە پێویستە پشتێنەی سەوزایی هەولێر لە باشووری شارەوە دەستپێبکات و بەرەو باکووری شارەکە درێژبێتەوە، بەوپێیەی قەبارەی مەترسیی و زیانەکە لەسەر گەڕەکەکانی باشووری هەولێر چەندین هێندەی قەبارەی مەترسیی و زیانەکانی گەڕەکەکانی باکووری شارەکەن"، سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی رووپێوان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وای گوت.
رۆژی دووشەممە، 5ى ئایارى 2025، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " شەپۆلێکى خۆڵبارین عێراق دەگرێتەوە کە زیاتر لە ناوچەکانى نێوەڕاست و رۆژئاواى عێراق چڕ دەبێت و لە باکوور کاریگەرییەکەى کەمتر دەبێت".
هاوکات بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو لە کاژیرەکانی سەرەتای ئەو شەپۆلەدا لە دیالە زیاتر لە 400 کەس و لە پارێزگای کەرکووک و قەزای خوورماتووش زیاتر لە 150 کەس رەوانەی نەخۆشخانەکان کران.