سەرۆک بارزانی و عەلی قەرەداخی باسیان لە پرسی کورد لە سووریا و ئاشتی لە تورکیا کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازیی لە سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان و شاندی یاوەری کرد و باسیان لە ئاییندەی کورد لە سووریا و پرسی چارەسەری ئاشتییانە لە تورکیا کرد.
 
رۆژی سێشەممە 6ی ئایاری 2025 لە سەلاحەدین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە د. عەلی قەرەداخی، سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان و شاندی یاوەری كرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، ئاییندەی كورد لە سووریا، پێویستیی پشتبەستنی لایەنەكانی سووریا بە شێوازی ئاشتییانە و دیالۆگ بۆ چارەسەری گرفتەكان ئاڵوگۆڕ كرا.
 
"هەر لەو دیدارەدا هەڵسەنگاندنی ئەرێنی بۆ ویست و هەنگاوەكانی لایەنە سیاسیەكانی توركیا كرا، كە بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتییانە لە توركیا دەنرێن،" ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە.
 
هاوکات بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ تەوەری دیکەی ئەو دیدارە بوون، هەردوولا رۆشناییان خستەسەر هەنگاو و گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.