بوومەلەرزەزانیی عێراق بۆ رووداو: بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 2.3 پلە لە هەولێر روویدا
رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێت، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 2.3 پلەی رێختەر لە پارێزگای هەولێر روویداوە.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە شەشی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بوومەلەرزەکە کاژێر 16:42 خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە دووریی 30 کیلۆمەتر لە باکووری هەولێر تۆمار کراوە".
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێت: "گوڕی بوومەلەرزەکە 2.3 پلە و قووڵاییەکەشی 5.4 کیلۆمەتر بووە؛ زیانی نەبووە."
دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، مانگی رابردوو 60 بوومەلەرزەیان تۆمارکردووە کە 16یان لە باشووری کوردستان بوون و گوڕەکەیان لەنێوان یەک تاوەکو 4.1 پلەی رێختەر بووە.
شەش بوومەلەرزەیان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، سێ بوومەلەرزەیان لە پارێزگای دهۆک، دوو بوومەلەرزەیان لە پارێزگای هەولێر، سێ دانەیان لە پارێزگای کەرکووک و دووانەکەی دیکە لە خانەقین لە پارێزگای دیالە بوون.