بەهۆی خۆڵبارینەوە لە چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان کرایە پشوو

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی خۆڵبارین و پیسبوونی هەواوە لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە، لوڕستان و ئیلام، ئەمڕۆ سێشەممە لە سەرجەم قوتابخانە و فەرمانگەکانی هەر چوار پارێزگاکە جگە لە دامەزراوە خزمەتگوازییەکان، کرایە پشوو.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی ئایاری 2025، پارێزگای ئیلام رایگەیاند: "ئەو خۆڵبارینەی لە ئێوارەی دوێنێوە ئاسمانی پارێزگاکەی گرتووەتەوە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی پیسبوونی هەوا بۆ ئاستێکی مەترسیدار، بۆیە بە بریاری پارێزگار ئەمڕۆ لە سەرجەم قوتابخانەکان، فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکانی پارێزگای ئیلام، کرایە پشوو."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بریارەکە فەرمانگە و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان ناگرێتەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ئیلامیش رایگەیاند، لە سەرەتای نەورۆزەوە تاوەکو ئێستا واتە لە مانگ و نیوێکدا، 14 رۆژ خۆڵبارین لە پارێزگای ئیلام هەبووە.
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای سنە رایگەیاند: "بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی سنە سەبارەت بە بەردەوامبوونی خۆڵبارین و پیسبوونی هەوا، رۆژی سێشەممە لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکە پشوو دەبێت".
 
بە پێی بریارەکە، ئەمڕۆ دەوامی فەرمانگەکان حکومییەکان و ناوەندە خزمەتگوزاری و تەندروستییەکان لە پارێزگای سنە ئاساییە.
 
لە لایەکی دیکەوە، کەژاڵ حەبیبزادە، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی سنە رایگەیاند، پیسبوونی هەوا لە شارەکانی سنە و قوروە گەیشتووەتە ئاستی هەرە مەترسیدار و لەو دوو شارە دۆخی سوور راگەیێندراوە، کە بە واتەی دۆخی قەیراناوی دێت.
 
بە گوتەی کەژاڵ حەبیبزادە، هەوای شارەکانی سەقز، مەریوان، بانە و کامێرانیش لە دۆخی زۆر ناتەندروستدایە.
 
لە پارێزگای کرماشانیش بە بریاری پارێزگار، ئەمڕۆ سێشەممە لە سەرجەم فەرمانگە حکومییەکان، بانکەکان، قوتابخانە و زانکۆکان پشووە.
 
بریارەکە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان ناگرێتەوە.
 
لیژنەی باری نائاسایی پیسبوونی هەوا لە پارێزگای کرماشانی رایگەیاندووە، پێشبێنی دەکرێت پیسبوونی هەوا لە شار و ناوچەکانی ئەو پارێزگایە زیاتر ببێت و هۆشداری دەداتە خەڵک، رێکارە خۆپارێزییەکان جێبەجێ بکەن. 
 
لە لوڕستانیش پشوو راگەیێندرا. پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، بەهۆی خۆڵبارین و پیسبوونی هەوا، بریاریان داوە قوتابخانە و زانکۆکان لەو پارێزگایە پشوو بن.
 
مەهدی پازۆکی، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی لوڕستان دەڵێت، بریارەکە فەرمانگە حکومییەکان، دامودەزگا خزمەتگوازییەکان و ناوەندە تەندروستییەکان ناگرێتەوە و بانکەکانیش کراوە دەبن.
 
لە شاری سەردەشت لە باشووری پارێزگای ورمێش، پیسبوونی هەوا گەیشتووەتە ئاستی هەرە مەترسیدار و قەیراناوی، بەڵام تائێستا بریار لەسەر راگەیاندنی پشوو لەو شارە نەدراوە.
 
هادی ئەحمەدپوور، بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی سەردەشت دەڵێت، پیسبوونی هەوا لە شارەکە نۆ هیندەی ئاستی ئاساییە و رێژەی گەردیلە ناتەندروستەکان لە هەوای سەردەشت هەزار و 470 میکروگرامە.
 
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی خۆڵبارین، کە سەرچاوەکەی باشووری عێراقە، بەشێک لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە.
 
جگە لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان، ئیلام و لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە پارێزگاکانی خوزستان و بووشێهر لە باشووری رۆژئاوای ئێرانیش، بەهۆی خۆڵبارینەوە لە سەرجەم فەرمانگەکانی هەردوو پارێزگاکە پشوو راگەیێندراوە.
 
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵانە 50 هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەستدەدەن.