هەولێر و بەغدا لەبارەی هاوردە و هەناردەکردنی کاڵا رێککەوتن

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێت، ماوەی مانەوەی کاڵا لە هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی بگاتە عێراق، لە 72 کاژێرەوە کرایە یەک هەفتە. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی ئایار، د. عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە بەرنامەی (هێشتا ماویەتی)ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە هیڤیدار ئەحمەد پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی نێوان تیمی تەکنیکیی دەروازە سنوورییەکانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا لەسەر چوار خاڵ رێککەوتن کرا، کە لە رێگەیەوە دەرگە بۆ هەناردەکردنی کاڵاکان دەکاتەوە."
 
ئەو خاڵانەی لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتنیان لەسەر کراوە ئەمانەن:
 
یەکەم: ماوەی دیاریکراو بۆ ناردنی کاڵا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بازگەکانی حکومەتی فیدراڵی لە 72 کاژێرەوە کرایە یەک هەفتە.
 
دووەم: ماوەی دیاریکراوی مانەوەی کاڵاکان لە کۆگەکانی هەرێمی کوردستان لە 60 رۆژەوە کرایە 120 رۆژ.
 
سێیەم: هەموو ئەو کاڵایەنەی 15ـی نیسانەوە لە کۆگەکانی هەرێمی کوردستانن، دەتوانرێت بنێردرێنە پارێزگاکانی عێراق.
 
چوارەم: هەر بارهەڵگرێک راستەوخۆ بچێتە پارێزگاکانی عێراق، پێویستە سێلی گومرگیان لێبدرێت.
 
لە 11ـی ئادارى 2025ـیشەوە، بانکى ناوەندى بە نووسراوى فەرمى پشتبەستن بە کۆدى (QR)ـى لە دەروازە سنوورییەکان بە هەرێمى کوردستانیشەوە راگەیاندووە. ئەو کۆدە مەرجە بۆ تێپەڕبوونى کاڵا لە بازگەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و نابێت 72 کاژێر بەسەر هاتنەژوورەوەی تێپەڕبێت.
 
سێل، مۆرێکە کە لەو بارانە دەدرێت لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستانەوە لەگەڵ تورکیا و کۆمارى ئیسلامیی ئێران هاوردەدەکرێن و نابێت بکرێنەوە تاوەکو دەگەنە ئەودیو بازگەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى.