بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی گردەچاڵ لە هەولێر


رووداو دیجیتاڵ
 
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت، ئەمڕۆ بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی گردەچاڵ لە نزیک هەولێر.

6ی ئایاری 2026، کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە رووداوی گوت: "بەیانیی ئەمڕۆ کاژێر 10:40، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دوو درۆن هێرشی کردووەتە سەر دەورووبەری بنکەی بنەماڵەکانی حیزب لە گردەچاڵی نزیک هەولێر."
 
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت: "ئەم هێرشە نوێیەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دیموکرات لە کاتێکدایە کە شەوی سێشەممە 15ی بانەمەڕ، کەمپی سوورداش لە نزیک سلێمانی کراوەتە ئامانج."
 
ئاماژە بەوەش دەکات: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای شەڕی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا بە زیاتر لە 114 مووشەک و درۆن کەمپی بنەماڵەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بنکە دەرمانی و پەروەردەییەکانی ئەو حیزبەی بە ئامانج گرتووە."
 
کاوە بەهرامی گوتی: "یەکێک لە درۆنەکان لە ئاسمان تەقێنراوەتەوە و ئەوی دیکەشیان بەر خانووەی کەوتووە بەڵام زیانی گیانیی نەبووە."
 
هێرشەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر کەمپی گردەچاڵ لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026 کەمپی سوورداش لە سلێمانی بە دوو درۆن کرابووە ئامانج.
 
ئەمجەد حوسێن پەناهی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر، رۆژی سێشەممە بە رووداوی راگەیاند:" بە دوو درۆن هێرش کراوەتە سەر کەمپی سوورداش و تەنیا زیانی مادیی هەبووە."