گەشتەکانی فڕۆکەخانەی کرماشان دەستیانپێکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ی ئایار، بڵاویکردەوە، دوای 65 رۆژ لە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کرماشان، گەشتە ئاسمانییەکان دەستیان پێکردەوە و بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکەش دەڵێ، ئامادەکاریی تەواویان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتەکان کردووە.
موجتەبا بەیاتی، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی پارێزگای کرماشان دەڵێ، بەهۆی ئەو هێرشانەی کرانە سەر ئێران، گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە بۆ 65 رۆژ داخران، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە دەستیان پێکردەوە.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کرماشان ئاماژەی بەوەش کرد، یەکەم گەشتی ئاسمانی لە شاری مەشهەدەوە بووە.
سەبارەت بە ئامادەیی ژێرخانی فڕۆکەخانەکە، موجتەبا بەیاتی گوتی، "بە هەوڵی تیمەکانمان، ژێرخانی فڕۆکەخانەکە بە باشی پارێزراوە و ئامادەکراوە. ئێستاش ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ نیشتنەوە و فڕینی فڕۆکەکان و خزمەتکردنی هاونیشتمانییان."
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە 28ی شوباتی 2026، هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران راگیران.
فرۆکەخانەی کرماشانیش لە ساڵی 1971 بە ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شەهید ئەشرەفی ئیسفەهانی کرایەوە و وەک 8ـەمین فڕۆکەخانەی ئێران دەناسرێ کە هاتووچۆی زۆری لێوە دەکرێ.