پۆلیسی هەڵەبجە: کەسێک سکاڵای کردووە و دەڵێ 'خانووەکەمان لە گوڵەخانە رووخێندراوە'
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک دەڵێ، لەلایەن هێزێکی سەر بە حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، خانووی براکەی لە گوڵەخانە رووخێندراوە و باخەکەشی وێران کراوە، ئەو هاونیشتمانییە سکرتێری گشتیی حیزبەکە تۆمەتبار دەکات. بەڵام کەسێکی نزیکی محەممەد حاجی مەحموود دەڵێ، "هەفتەیەکە لە دەرەوەی وڵاتە و بڕواناکەم بە فەرمانی ئەو کرابێت."
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەختیار حاجی عەبدوڵڵا بە رووداوی گوت، "بە فەرمانی محەممەدی حاجی مەحموود، چەند کەسێک خانووی براکەیان (عومەر حاجی عەبدوڵڵا) لە گوڵەخانە رووخاندووە، باخەکەی وێران کراوە و بیری ئاوەکەشی کوێر کراوەتەوە."
گوڵەخانە یەکێکە لە گوندەکانی سەر بە قەزای خورماڵ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، ئێستا نزیکەی 12 ماڵی تێدایە کە سەرجەمیان کەسوکاری نزیکی یەکدین. بەڵام بەهۆی جیاوازیی بیری سیاسییەوە، عەبدوڵلای حاجی مەحموود، ئەندامی ئەوکاتی مەکتەبی سیاسیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لە ساڵی 2024 گوندەکەی جێهێشت.
گرژی و ئاڵۆزییەکانی هەردوو برا (محەممەدی حاجی مەحموود و عەبدوڵلای حاجی مەحموود) لە یەک ماڵدا لەسەر پلە و پۆست و خاوەندارێتیی حیزب بوو، بەڵام دواتر عەبدوڵڵای حاجی مەحموود پابەندی بڕیاری حیزبەکەی و براکەی نەبوو و راگەیاند، لە داهاتوودا حیزب دروست دەکات و بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بەڵام لە ماڵ جیاییدا گرژییەکان ئاڵۆزتر بوون و لوولەی ئەو تفەنگانەی روو لەیەک بوو تەقەی پێکراو قوربانی لێکەوتەوە.
رۆژی 4ی نیسانی 2024، حیزبی سۆسیالیست کۆنگرەیەکی نائاسایی بەست و عەبدوڵڵای حاجی مەحموود و چەند کەسێکی لە حیزبەکە دەرکرد.
چوار کاژێر دوای کۆنگرەکە، شەڕ کەوتە نێوان پێشمەرگەکانی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود و محەممەد حاجی مەحموود کە بەهۆییەوە کەسێک کوژرا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەوکات دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە گوڵەخانە گرژی و ئاڵۆزیی چەکداری لە نێوان هێزەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان روویدا و "بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی چواری دیکە."
ئەو کەسەی کە شەوی رابردوو خانووەکەی لە گوڵەخانە رووخێندراوە، ناوی عومەر حاجی عەبدوڵلایە و زاوا (مێردی خوشک)ی محەممەد حاجی مەحموودە و باوکی شاڵاوە کە پێشتر ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکرات بوو، بەڵام لەگەڵ عەبدوڵڵا حاجی مەحموود جیابووەوە.
بەختیاری برای عومەر حاجی عەبدوڵڵا کە خانووەکەی رووخاوە گوتی، "براکەم لە ساڵی 2004ەوە وازی لە کاری حیزبی هێناوە و جووتیارە، بەڵام لەبەر کوڕەکەی تووشی گرفت بووە و 6 مانگیشە ماڵی بردووەتە ناو شاری هەڵەبجە."
رووداو پەیوەندی بە کەسێکی نزیکی محەممەد حاجی مەحموودەوە کرد و لەبارەی کێشەکەوە گوتی، "نازانم کێ رووخاندوویەتی و منیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بیستوومە، بەڵام کاکە حەمە هەفتەیەک زیاترە لە دەرەوەی وڵاتە."
گوتیشی، "زەوییەکانی گوندی گوڵەخانە میراتە و بەشی هەر زۆری موڵکی کاکە حەمە خۆیەتی و ئازادە چۆن مامەڵە لەگەڵ زەوییەکاندا دەکات."
رائید ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، ئەو هاونیشتمانییەی خانووەکەی رووخێنراوە، ئەمڕۆ چوارشەممە سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە و پەڕاوی بۆ کراوەتەوە و چاوەڕێی بڕیاری دادوەر دەکەین.