هەڵوێست، کۆمەڵ و یەکگرتوو: کۆبوونەوەمان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ژێر سەرۆکایەتیی هیچ کەس و لایەنێکدا نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
رەوتی هەڵوێست، یەکگرتوو، کۆمەڵی دادگەری رەتیدەکەنەوە سەردانەکەیان بۆ لای چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە سەرۆکایەتی یەکێتی بوو بێت. ئەندامێکی شاندەکە دەڵێت، هەر سێ حیزبەکە پێکەوە و یەکێتی بەجیا داواکارییەکانی خۆیان بۆ حکومەتی نوێ لەیەک کۆوبونەوە داوەتە چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە یەککاتدا پێشوازی لە یەكێتی، رەوتی هەڵوێست، کۆمەڵ و یەکگرتوو کرد، بە گوێرەی ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لە تەنیشت نوری مالیکی دانیشتووە و نوێنەرانی یەکگرتوو، کۆمەڵ، رەوتی هەڵوێست و نەوەی نوێش لە هەمان کۆبوونەوە دانیشتوون.
زۆری نەبرد وێنەکە ناڕەزایی (یەکگرتوو، کۆمەڵ و رەوتی هەڵوێست)ی لێکەوتەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی میدیای فەرمی یەکێتی بڵاوی کردەوە، کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکایەتیی شاندەکەی کردووە.
ئەکاونتێک لە ئێکس بە ناوی لایەنگرانی دەرباز کۆسرەت رەسول لەسەر زاری دەرباز کۆسرەتەوە بە ئینگلیزی نووسیویەتی: "سەرکردایەتیی شاندێکی باڵام کرد کە نوێنەرایەتیی زۆرینەی پارتە کوردییەکانی دەکرد بۆ بەغدا و لەوێ لەگەڵ لیژنەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووینەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، دیدگە و بەرنامەی سیاسیی خۆمان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی بەڕێز عەلی زەیدی خستەڕوو."
بەڵام هەواڵەکە لە ئەکاونتی دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لە فەیسبووک بەم جۆرە بڵاوکراوەتەوە: "وەفدی لایەنە کوردستانییەکان کە نوێنەرایەتیی زۆرینەی لایەنە کوردییەکان دەکەن لە بەغداد لەگەڵ لیژنەی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا وەفدی لایەنە کوردستانییەکان بەرنامەی سیاسیی خۆیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق بە سەرۆکایەتیی بەڕێز عەلی زەیدی خستەڕوو. بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی پشکی پێکهاتەی کورد لە حکومەتی نوێدا."
ئەو سێ فراکسیۆنە لە روونکردنەوەیەکدا نووسیویانە: "ئەمرۆ چوارچێوەی هەماهەنگی سەعات 4ی عەسری دەستنیشان کردبوو بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەمەبەستی وەرگرتنی پرۆژەکانیان بۆ بەرنامەی حکومەتی داهاتوو لەگەڵ بەرکەوتەی لایەنەکان لەو حکومەتەدا. ئێمەش بەجیا وەک سێ فراکسیۆنی سەربەخۆ بەرنامەی هاوبەشی خۆمان پێشکەشکرد و لەلایەن لیژنەی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پێشوازی لێکرا."
سێ فراکسیۆنەکە رەتیدەکەنەوە کە هیچ کەس و لایەنێک سەرۆکایەتی شاندەکەیان کردبێت و دەڵێن: "شاندەکە تەنیا نوێنەرایەتی خۆی کردووە و لەژێر سەرۆکایەتی هیچ کەس و لایەنێکی دیکەی کوردستانیدا نەبووە."
هەروەها عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست بە جیا روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "نابینە بەشێک لە هیچ شاند و بەرنامە و پڕۆژەیەکی یەکێتی و پارتی، هیچ پۆست و وەزارەتێکیشمان ناوێت پارتی یان یەکێتی پێمانبدات."
سەرۆکی رەوتی هەڵوێست، نیگەرانی خۆی بەرامبەر شاندەکە نیشان داوە و دەڵێت: "من وەک خۆم نیگەرانبووم لەو وەفدەی ئەمڕۆ، بڕیاربوو سەرجەم حیزبەکانی هەرێم بۆ بەرنامە و ماف و بەرکەوتەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی کۆببنەوە، کەسیش سەرۆکی وەفد نییە، نەک بچینە وەفدێک یەکێتی سەرۆکایەتی بکات، وەک هەر سێ لایەنیش جیا لە یەکێتی کاغەزی دانوستاندنمان دایە چوارچێوەی هەماهەنگی."
جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کە بەشدار بوو لە کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە وەک یەکگرتوو، کۆمەڵی دادگەری و رەوتی هەڵوێست پڕۆژەی خۆمان پێشکێشی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد و یەکێتییش لە هەمان کۆبوونەوەدا بەجیا پڕۆژەی خۆی پێشکێش کرد."
جەمال کۆچەر رایگەیاند، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێشنیازیان کردووە، کە لیژنەیەک دروست بکرێت دوو ئەندامی لەو هاوپەیمانییەتییە و دوو ئەندامەکەی دیکە لە یەکێتی و سێ لایەنە کوردستانییەکە بن، بۆ ئەوەی تاوتوێی پێشنیازەکان بکرێت و ئەوەی گونجاوە لە کارنامەی حکومەتی نوێدا جێگەی بکرێتەوە.
بەگوتەى جەمال کۆچەر، پێیانگوترا داواکاریی لایەنە کوردستانییەکان زۆربەیان لەیەکدی نزیکبوون و ئەوەی بە خاڵێکی دڵخۆشکەر وەسف کرد.
دەقی دیدی (هەڵوێست، یەکگرتوو و کۆمەڵ) بۆ بەرنامەی حکومەت
رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کۆمەڵێک داواکاری نیشتمانی پێشکێش دەکەن، کە بە گرنگى دەزانن لە ناو کارنامەی حکومەتی داهاتووی عێراقدا جێبکرێنەوە، کە گوزارشتێکی راستەوخۆن لە پێویستی و داواکارییەکانی هاونیشتمانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق:
یەکەم: جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵاى فیدراڵیی ژمارە 224 و یەکخراوەکەی 269ى ساڵى 2023 سەبارەت بە بەجێکردنى مووچە و خەرجکردنى شایستە داراییەکانی هەرێمى کوردستان، لەگەڵ کارکردنەوە بە سەرەمووچە و بەرزە مووچەى راگیراوى فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
دووەم: دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمى کوردستان، بەو مەرجەی فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە بێت؛ ئەمەش بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی نەوت و گەرەنتیکردنى مافەکانی گەلی کورد بە شێوەیەکی هەمیشەیی.
سێیەم: مامەڵەکردن لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەک پارێزگاکانی دیکەى عێراق لە پرسى دەرماندا، لە رێگەی جێبەجێکردنی بودجەی حاکیمە لەوەى پەیوەندارە بە دابینکردنی دەرمان بۆ هەرێمى کوردستان بەبێ جیاکاری.
چوارەم: دابینکردنی سووتەمەنی و نەوت و بەنزین و گازۆیل بەو نرخی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکومەتى فیدڕاڵى لە چوارچێوەى یاسا کارپێکراوەکان.
پێنجەم: کردنەوەی لقی بانکەکانی رافیدەین و رەشید لە هەرێمی کوردستان، و پێشکێشکردنی ئاسانکاریی بانکی بۆ پڕۆژە پیشەسازی، کشتوکاڵی، نیشتەجێبوونەکان و چالاکییە ئابوورییەکانی دیکە.
شەشەم: یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی ببنە سوپایەکی نیشتمانیی پیشەیی و دوور لە ئینتیمای حزبی و تێکەڵکردنیان لە ناو سیستمی بەرگریی نیشتمانیی عێراق، بەو مەرجەی مووچە و شایستەکانیان هاوتا بێت لەگەڵ مووچەی سەرباز و پلەدارانی سوپای عێراق.
حەوتەم: دروستکردنی نووسینگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناو باڵیۆزخانەکانی عێراق بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەرێمى کوردستان، نەک کردنەوەی نووسینگەی حزبی لە ژێر ناوی نوێنەرایەتیدا، ئەوەش وەک جێبەجێکردنی ماددەی 121ى دەستوور.
هەشتەم: دووبارە کاراکردنەوەی رێکارەکانى جێبەجێکردنى ماددەی 140ی دەستوور لە رێگەی میکانیزمێکی نوێوە کە هاوبەشى راستەقینەی هەموو پێکهاتەکان گەرەنتی بکات، لە رێگەی گفتوگۆی راستەوخۆ و خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو.
نۆیەم: جێبەجێکردنى پڕۆژە ستراتیژییەکان و بەنداو لە هەرێمی کوردستان لە خەرجییە فیدراڵییەکانەوە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەى عێراق.
دەیەم: بەستنەوەی پارێزگاکانی هەرێمى کوردستان بە پلانەکانی گەشەپێدانی نیشتمانییەوە بۆ مسۆگەرکردنی دابەشکردنی دادوەرانەى پڕۆژە و وەبەرهێنانە حکومییەکان.
یازدەیەم: گۆڕینی دەنگدانی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ سیستەمی دەنگدانی گشتی بۆ پشتگیریکردن لە شەفافییەت و بەهێزکردنی پاکوبێگەردى هەڵبژاردنەکان.
دوازدەیەم: گرتنەبەری ستراتیژییەکی ئابووریی نوێ کە پشتبەستوو بێت بە بەرهەمهێنان، کشتوکاڵ و پیشەسازی لە برى پشتبەستن بە ئابووریی تەنیا کرێخۆری نەوت و بونیاتنانی ئابوورییەکی هەمەچەشن و بەردەوام.
سێزدەیەم: سەپاندنی کارپێکردن و راهێنانی هێزی کاری ناوخۆیی لە کۆمپانیا بیانییەکاندا، لەگەڵ بەهێزکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و بەرزکردنەوەی رێژەی کارپێکردنی کرێکاری ناوخۆیی.
چواردەیەم: دەرکردنی یاسای چاودێریی منداڵ (Child Benefit) بۆ مسۆگەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هەر منداڵێک لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لە رێگەی پێشکێشکردنی پاڵپشتیی دارایی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییە راستەوخۆکان.
پازدەیەم: رەخساندنی هەلی یەکسان بۆ هەموو کۆمپانیاکان، رێگریکردن لە قۆرخکاری، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی کۆمپانیا تێکەڵەکان بەتایبەتی لە بوارەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێتدا.
شانزدەیەم: پاڵپشتیکردنی پاراستنی ژینگە و هاندانی پڕۆژەکانی وزەی پاک و نوێبووەوە.
حەڤدەیەم: بەهێزکردنی مافەکانی مرۆڤ و رێگریکردن لە دەستبەسەرکردنی زیندانییان بەبێ دادگاییکردنێکی دادوەرانە کە بگونجێت لەگەڵ دەستوور و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.
هەژدەیەم: پاڵپشتیکردنی سیستەمی دەستەبەری تەندروستی و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بە جۆرێک کە دەستی هەموو هاووڵاتییانی پێ بگات.
نۆزدەیەم: دەستەبەرکردنی مافەکانی جوwتیاران، پیشەسازکاران و بازرگانان لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەى عێراق.
بیستەم: تەرخانکردنی ۆێژەیەکی دادوەرانە لە دامەزراندن بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست، یەکەمەکانی زانکۆ و دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان... و هتد، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە پارێزگاکانی دیکەى عێراق.
لەگەڵ رێز و پێزانینمان...
- رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی
- یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
- کۆمەڵی دادگەریی کوردستان