جەلادەکەی نوگرەسەلمان دادگایی دەکرێت؛ 221 کەس وەکو شایەتحاڵ ئامادە دەبن

رووداو دیجیتاڵ

عەتا ئیبراهیمی 49 ساڵ، خەڵکی گوندی ئۆمەربلە لە کفری، کاتێک راگوێزراون بۆ نوگرەسەلمان، تەمەنی 11 ساڵ بووە. لەو زیندانە خوشکێکی لە برسا دەمرێت کە تەمەنی تەنیا یەک ساڵ بووە، حەوت کەسی ماڵباتەکەشی زیندەبەچاڵ کراون؛ ئێستا وەکو شایەتحاڵ بانگکراوە بۆ دادگە لە دژی عەجاج.
 
عەتا ئیبراهیم، کەسوکاری ئەنفال بە رووداوی گوت: "ئەم تاوەنبارە ئەمڕۆ بێت بەیانی بێت هەر رووبەروی دەبینەوە لە دادگا، ئەو ئێمەی لە نوگرەسەلمان سجن کرد تەعدای لێکردین ئازاری داین بەڵام ئێمەش بە ئاسودەی رووبەروی دەبینەوە با ئەو رۆژانەی لە بیرنەچێت کە چۆن لەگەڵ ئێمە هەڵسوکەوتی دەکرد".
 
دادوەر بانگهێشتی 5 کەسی گەرمیانیی کردووە بۆ شایەتیدان، وەزارەتی شەهید و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆمار داوای لە 10 کەسی دیکە کردووە لە دادگە دا ئامادەبن بۆ شایەتیدان.
 
هاوار شافعی، کە یەکێکی دیکەیە لە کەسوکاری ئەنفال بە رووداوی گوت: "بەزەلیلی و سەر شۆڕی ئەوەستێت ئەمە خۆی لە خۆیدا ئاسوەدەیەکی گەورەیە،دڵمان خۆش دەکات و لە ئازارەکانمان کەم دەکاتەوە،واهەست دەکەین بەشێکی زۆر لە برینەکانمان سارێژ دەبێت".
 
ئەحمەد مەجیدیش لەبارەی عەجاج دەڵێت : "تۆمەت باری سەرەکیە لە نوگرەسەلمان کە دەستی هەبوە لە کوشتن لە دەسترێژی لە گۆڕی بە کۆمەڵ لە هەمووشتێک".
 
221 کەس لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک، دیالە و سەلاحەدین بانگهێشتکراون لە رۆژی دادگاییکردنەکە دا ئامادەبن.
 
جەبار عومەر، بەڕێوبەری شەهیدانی و ئەنفال گەرمیان بە رووداوی گوت: "ئەوانەی کەیسەکانیان بە قەوەت بوون خۆیان لە نوگرەسەلمان بوون 15 کەسمان داوایان لێکراوە لە رۆژی دادگای ئامادەبن".
 
ساڵی 2025، دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی راگەیێنرا کە بە جەلادی ئەنفالکراوان ناسراوە، ئەو تاوانانەی ئاراستەی کراون پەیوەندیدارن بە شەهیدکردنی ئەنفالکراوان لە گرتووخانەی نوگرەسەلمان، لەو کاتەی کە بەرپرسی گرتووخانەکە بووە.